ئێعدام و بەکولتوورکردنی پاراستنی مێژوو

‌‌

کوردەکان بە درێژایی مێژووی خۆیان کەمتر لەچاو نەتەوەکانی جیران و دراوسێی خۆیان بایەخیان بە تۆماکردنی مێژوو داوە. ئەوە کە چما کوردەکان لەچاو خەڵکی دیکە ئەم تایبەتمەندییە نەرێنییەیان هەیە، ناڕوونە و مخابن هەتا ئێستا لێکۆڵینەوەیەک لەمبارەوە ئەنجام نەدراوە. گەر گەرەکمان بێت بە مێژووی کەونی کوردەکان بزانین، ناچارین پەنا بۆ بەردە نووسراوەکان، تەختەگڵینەکان و تێکستەکانی سۆمەری، ئاسۆڕی، ئەرمەنی و هتد برین. بۆ وێنە یەکەم سەرچاوەی دۆزراو -هەتا ئێستا- کە ئاماژەی بە ناوی کورد و خاکی کوردەکان کردووە، بەردنووسێکی سۆمەڕییە کە پڕۆفێسۆڕ درایڤێر توانی ئەو زانیارییە پاش وەرگێڕانی دەقێکی سۆمەڕی بڵاو بکاتەوە. بە هەمان شێوە ناوی کوردستان بۆ یەکەمجار دە مێژوودا لە سەرچاوەیەکی ئەرمەنی‌دا هاتووە کە ئاماژە بە شەڕێک دەکات کە دە هەرێمی وان لە باکووری کوردستان ڕوویدابوو و ئەو سەرچاوە ئەرمەنییە -کە نوسخەی دەستنووسەکەی ماوە- ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو شەڕە دە خاکی کوردستان‌دا ئەنجام درابوو و ئەوەش وەک یەکەم سەرچاوە دەژمێردرێت کە ئاماژەی بە ناوی کوردستان کردووە.

ئەوەش کە چما کوردەکان خۆشیان بایەخیان بە زمانی خۆیان نەداوە هێشتا ناڕوونە. دە نێو کوردەکان‌دا زۆر مێژوونووسی شارەزا و لێهاتوو هەبوون کە لەجیاتی تۆمارکردنی مێژوو بە زمانی دایکی خۆیان، پەنایان بۆ زمانی بێگانە بردووە و بە زمانی دیکەیان نووسیبوو. بۆ وێنە دەتوانم ئاماژە بە شەڕەفخانی بەدلیسی و ئیبنۆل‌ئەسیر بکەم کە مێژووی تۆمارکراویان لای هەموو شارەزایان و زانایانی مێژوو بایەخی تایبەتی پێ دەدرێت. ئەوان کورد بوون، بەڵام بە کوردیان نەنووسی!

ئەم باسە کە دێرەدا وەک پێشەکییەک ئاماژەی پێ کرا، پێویستی بە لێوردبوونەوەی زۆر و فرەلایەنانە هەیە. دێرەدا مەبەستم بەسەرکردنەوەی ئەم باسە نەبوو، بەڵکوو گەرەکم بوو کە لە ڕێگەی ئاماژەکردن بەم کێشەیە، سەری باسێکی دیکە دە مێژوودا بکەمەوە کە پێوەندی بە کارەساتە دڵتەزێنەکان هەیە و دە نێو ئەو بەشە لە مێژووشدا تەنیا فۆکووس لەسەر پرسی ئێعدام و نووسینەوەی مێژووی ئێعدامەکان بکەم.

تۆمارکردنی مێژووی ئێعدامەکان جیا لەوە کە ئەو ئاگاییە بۆ کوردەکان بە ئەمانەت دەهێڵێتەوە کە خەبات دە پێناو سەربەخۆیی ڕامیاری بۆ ئەوان چەند گران تەواو بووە، ماتریالی پێویست بۆ زۆر لێکۆڵینەوەی مێژوویی و کۆمەڵناسانە ئامادە دەکات کە کوردەکان لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لەسەریان بتوانن زۆرتر لەسەر کۆمەڵگای خۆیان بەرنامەڕێژی بکەن و بە متمانە و هەبوونی ئامانجێکی دیاریکراو بەرەو داهاتوو هەنگاو هەڵهێنن.

تۆمارکردنی مێژووی ئێعدامەکان یارمەتیمان دەدات تێگەییشتنی باشترمان لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگا هەبێت، چون ئێعدامەکان جیا لەوە کە کاردانەوەیەکی ڕامیارین، کاریگەری لەسەر تەنانەت مۆڕاڵی تاکەکانی کورد داناوە. زنجیرەییبوونی ئێعدامەکان و درێژەداربوونی مێژووی تڕاژیکی ئێعدامەکان وەک پلانێکی درێژخایەنی داگیرکەرانی کوردستان کاریگەری نەرێنی هەبووە. ئەم کاریگەرییانە دە ڕاستیدا ئامانجی ئەو سیاسەتە بووە کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەڕێوەچووە. بۆیە لێوردبوونەوەی پرسی ئێعدام لە زۆر لایەنەوە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و ئەم گرنگەش لە بنەڕەتدا پێویستی بە تۆمارکردنی ئێعدامەکان وەک کەیسێکی تایبەتی مێژووییە.

نەتەوەیەک کە مێژووی بەربڵاو و کۆنەکراو بێت، خۆشی لەیەک پڕش و بڵاو دەبێت و دەبینین کە ئەم تایبەتمەندییەش بە درێژایی مێژوو دە نێو کوردەکاندا بینراوە. نەتەوەی بێمێژوو بە شێوەیەکی سەرگەردان دە هاتوچوێدا دەبێت و ڕێگەی دروستی خۆی بەرەو داهاتوو بە سانایی بۆ نادۆزرێتەوە. دە مێژووی کوردەکان‌دا زۆر تەجرەبە و ئەزموون هەن کە بە تۆمارکردنیان دەکرێت لە لایەن جیلەکانی داهاتوو کەڵکی باشیان لێ وەرگیرێت. نووسینەوەی هەموو لایەنەکانی یەک کەیسی ئێعدامی دیاریکراویش دەتوانێت لە هەندێک کەیسی دیکەدا یارمەتیدەر بێت. دە کۆی گشتی وێنەکەشدا دەکرێت کەڵکی زۆر باشتر لە هەموو ئەو مێژوویە وەربگیرێت، چون ئامانجی فۆکووس لەسەر ئەو بەشە لە مێژووش دروست ئەوەیە کە گارانتییەک بەدەستبدات کە دە داهاتوودا چیتر کوردێک لەبەر جۆری بیرکردنەوەی ئێعدام نەکرێت. ئێستا دەبینین کە پاش دەیان ساڵ ئێعدامی سیاسی کوردەکان، هێشتا خاوەن کتێبخانە و ئەنیستیتۆیەکی تایبەت بە ئێعدام نین. دروست وا بوو کە ئێستا کتێبخانەی کوردەکان بە لانی کەمەوە خاوەنی لەکسیکۆنێکی ئێعدام بوایە.

Advertisements

سیاسەتی ئێعدام، سیاسەتی لاسارییە

برینێکی سەر جەستە دە حاڵەتێکدا دەکرێت زۆر بە جددی نەگیرێت کە بچووک و تەسک بێت، زارکی نەکردبێتەوە و خوێنی لێ نەیەت. دەو حاڵەتەدا چەند ڕۆژ کە بەسەر بچێت، برینەکە قرتماغەیەکی بەهێز دەبەستێت و وردە وردە پێست جێگەی دەگرێتەوە و پاش ماوەیەک شوێنەکەی نامێنێتەوە و مێژووی ئەو برینەش بە لەناوچوونی ئاسەوارەکانی لەناو دەچێت و فەرامۆش دەکرێت. کاتێک برینی سەر جەستە قووڵ بێت، جیا لە خوێنلەبەرچوون و لاوازبوونی زۆرتر، مەترسی ئەوە هەیە کە برینەکە (بە تایبەتی دە دیوی ژوورێدا) قووڵتر بێت و زۆرینە دەزانن کە دەو حاڵەتەدا چ کارەساتێک دەقەومێت. ئیتر برین دە ژێر پێست و گۆشت و ئێسقاندا دەخزێت و وردە وردە چڵک سڵامەتی و بوونی باقی ئەندامانی لەش وەژێر مەترسی دەخات.

کە برینێکی بچووک و تەسک لەسەر جەستە هەبێت، بە خاوێنکردنەوەیەکی سەرپێیی و بەستنی بانداژێک دەکرێت چارەسەری برین بکرێت، بەڵام برینی گەورە تەنیا لای مرۆڤێکی نائاگا یان لاسار بایکۆت دەکرێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکارەوە سیاسەتی ئێعدامی بەکاربردووە. دواتر کە نەیتوانی دەنگی کوردەکان وسکت بکات، ئێعدامی بەکۆمەڵی کوردەکانی بەڕێوەبرد کە ناسراوترینیان ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهاباد بوو. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەو چەشنە جۆراوجۆرانەی لە ئێعدام تاقیکردووەتەوە کە بە زەینی داڕێژەڕان و ئێلیتە جەناییەکانی گەییشتووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە برینی پرسی کورد دە سیستەمی خۆیدا ساڕێژ بکات. ماقووڵ نییە کە هەموو ساڵی پتر لە پەنجا لە سەدی (٥٠٪) ئێعدامە مۆحاڕێبەییەکان کورد بوون و ئەوان هێشتا نایانهەوێ ئەم ڕاستییە قبووڵ بکەن کە ئێعدام نەیتوانی دەنگی عەداڵەتخوازانەی کورد و پرسی کورد کپ بکات، کەچی لاسارانە پێداگریی لەسەر ئێعدامی سیستەماتیکی ئەو کوردە سیاسییانە دەکەن کە دەیاندۆزنەوە و دەستبەسەریان دەکەن.[1]

ئاماری زەق و بەرچاوی ئێعدامی کوردە سیاسییەکان دە ماوەی دەستهەڵاتداری کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا لە زنجیرێکی ئەستوور دەچێت کە ساڵ بە ساڵ درێژتر و بەهێزتر دەبێت و لە توانای ئەو دەستهەڵاتدارانەدا نییە کە بیپسێنن. ڕێگەی دروستی چارەسەری ئەو پرسە، ملکەچبوونی بۆ مرۆڤایەتی و شوناسی کوردەکانە، کەچی ئەوان هەتا ئێستاش درێژە بە سیاسەتی لاساریی خۆمەینی دەدەن.

سەرچاوە و ژێدەر:


[1]  لەمبارەوە ئامارێکی زۆر لەبەردەستدا هەیە کە چاوخشاندنێکی سەرپێیی ڕاستبوونی ئەم دەربڕینە دەسەلمێنێت. لەم ساڵانەی دواییشدا ڕێکخڕاوی مافەکانی مرۆڤی ئێران بە بەردەوامی ڕاپۆڕتی بە زمانەکانی ئینگلیسی و فارسی بڵاوکردووەتەوە و ڕاپۆڕتەکانی ئەوانیش -کە گەر بێلایەنانەش نەبن، لانیکەم لایەنگری کورد نین- سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن کە زۆربەی ئێعدامکراوە مۆحاڕێبەییەکان کورد بوون.

https://iranhr.net

لەمبارەوە ڕاپۆڕتێکی تایبەتیش دە ساڵی ٢٠١٧ی زایینییدا لەژێر ئەم سەردێڕە بڵاو کرا: « لە ئێران سەدی ٧٥ی زیندانیانی تاوانبارکراو بە”مو‌حاره‌به” كوردن.»

http://www.chawnews.com Visit 13.03.2017

کورتەیەک لەو ڕاپۆڕتە لەژێرەوە دانراوە:

له‌ كۆی ١١٥٠ زیندانیی سیاسی له‌ ئێران‌دا، زیاتر له‌ ٥٠٠ كه‌سیان كوردن‌و سەدی ٧٥ زیندانیانی مه‌حكووم به‌ سزای مو‌حاره‌به لە کوردەکان پێک هاتوون، هه‌روه‌ها سەدا 95 ی ئێعدامە نهێنییەکان لەو ناوچانە بەڕێوەدەچێ کە شوێنی نیشتەجێ بوونی نەتەوەکانی غەیرە فارسن.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ڕابردووی زایینی‌دا، ١٦٣٤ کەسی لەسێدارە داوەو بۆ ١٩٩٨ کەسیش سزای لەو شێوەی بڕیوەتەوە.

هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا ماڵپه‌ڕی یه‌کیه‌تی بۆ ئێران ئه‌تڵه‌سێکی زیندانیانیی ئێرانی به‌پێی دابەشکاریی نەتەوەیی‏ بڵاو کردۆته‌وه‌.

ئه‌و ئه‌تڵه‌سه‌ ده‌ری ده‌خا که‌ ٨٥٢ زیندانیی سیاسیی ئێران لە ١٥٠ گرتووخانەدا ڕاگیراون که‌ 339 که‌سیان کوردن و ناو، ژیاننامه‌، شوێنی گیران‌و تۆمه‌تی پاڵخراوی ئه‌و به‌ندییه‌ سیاسییه‌یانه‌یان ئاشکرا کردوه‌.

له‌ به‌شی زیندانییانی کورد دا ناوی ١٨٤ چالاکی مەزهەبی، ٤٣ چالاکی مەدەنی، ٧٨ چالاکی مافی مرۆڤ و زیاتر لە ٣٠ ڕۆژنامه‌نووس‌ و چالاکی کرێکاری هاتووە.

له‌و ئەتڵەسەداکە زیاتر لە ٥ ساڵە کاری بۆدەکرێ، زانیاری ورد لەسەر ١٥٠ گرتووخانەی ئێران و ٢١٦ دادوەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڵاوکراوەتەوە.

شایانی باسه‌ پێشتریش ناوەندی بەڵگەكانی مافی مرۆڤی ئێران، ئاماری ٨٢٠ چالاکی سیاسی، مەدەنی و عەقیدەتی لە زیندانەکانی شارەکانی ئێراندا بڵاوکردبووەوە. لەو ڕاپۆرتەدا ناوی ٢٩٠ هاووڵاتیی کورد کە لە زیندانەکانی ئێراندا بە تاوانی “چالاکیی سیاسی و مەدەنی” دەستبەسەر و حوکمی زیندانیان بۆ بڕابوویەوە، هاتبوو.

لاوازییەکی دیکەی سیاسەتی ئێعدام‌

دە پڕۆسەی ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان‌دا، کۆماری ئیسلامیی ئێران یاسا و ڕێسای سزا لە تاوانناسی جیا ناکاتەوە. جیاکردنەوەی ئەم دوو بەشە لە یەک پێویستن چون دە پڕۆسەی دادگاییکردنی کوردێکی سیاسی‌دا، یاساکانی پێوەندیدار بە سزا سەرچاوە لە دین وەردەگرن، بەڵام تاوانناسی لقێکی زانستییە و دە تاوانناسیدا لە ڕێگەی لێکدانەوەی زانستییەوە شرۆڤەی تاوان دەکرێت، نەک لە ڕێگەی ڕێبازێکی دینی و ئەو هێڵە ئەخلاقی و قانوونییانەی کە دین دایڕشتوون.

دە تاوانناسیدا کەرەستەگەلێک بۆ لێوردبوونەوە و ئانالایز بەکاردەهێنرێت کە بەرهەمی زانستن، بەڵام دەبینین کە بڕیاردان لەسەر کۆی پرسی ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان بە دین ئەسپێردراوە و هەربۆیە بە مۆحاڕێبە و شەڕ لەگەڵ خوا پۆلێنبەندی دەکەن. سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران بایەخ و پێگەی زانست دە کەیسی کوردە سیاسییەکان و بەشی تاوانناسی ئەوان لە ڕووی زانستییەوە بایکۆت دەکات. ئەم بایکۆتە دە پڕۆسەی دادگاییکردنی ئێعدامی کوردە سیاسییەکاندا گەر گزەکردنێکی سیستەماتیک نەژمێردرێت، دەکرێ وەک لاوازییەکی دیکەی سیاسەتی ئێعدام دەستنیشان بکرێت.

ئێعدام و میراتی نەتەوەیی

ئێعدامی کوردێکی سیاسی پێویستە لە پێرسپێکتیڤێکی دیکەشەوە سەرنجی پێ بدرێت کە تا ئێستا ئاماژەی پێ نەکراوە.[1] هەندێکجار ئێعدامی کوردێکی سیاسی کۆتایی بە کاریگەرییەکانی ئەو ناهێنێت. لێرە بۆ ساناکردنی ئەم باسە بۆ وێنە ئاماژە بە قازی موحەممەد، پێشەوا و سەرۆککۆماری کوردستان دەکرێت کە تەنانەت پاش ئێعدامکردنیشی، وەک ڕێبەڕێکی کاریزماتیک و نەتەوەیی کوردەکان ماوەتەوە.

هەرچەند کە خەباتی کوردەکان بۆ گەییشتن بە سەربەخۆیی سیاسی خۆیان مێژوویەکی کۆنتر لە پێشەوای کوردستانی هەیە، بەڵام بۆ یەکەمجار ئەو بوو کە ئەو تێزەی فۆرموولە کرد. شیکردنەوەی سەربەخۆیی سیاسیی و هۆکارەکانی دروستزانینی سەربەخۆیی کوردستان بەرهەمی فکری و لێکدانەوەی مرۆڤی و حقووقییەکانی پێشەوای کوردستان بوون کە ئامانجی تەنیا بەختەوەری نەتەوەی کورد بوو.

هەموو ئەو پەیام و ڕێبازە مرۆڤییەی کە لە قازی موحەممەد جێماون، میراتی نەتەوەیی دەژمێردرێن، چون دەبینین کە بە ئێعدامکردنی قازی موحەممەد، لەناو نەچوون و ڕۆژ بە ڕۆژ بیرۆکەکانی ئەو پەرەیان سەندووە.

جیا لە بیرۆکە و تێزی سەربەخۆیی کوردستان لە لایەن قازی موحەممەد، کۆمەڵێک فاکتەری مانەوی لە ئەو جێماون کە وەک میراتێکی نەتەوەیی لای کوردەکان چاوی لێ دەکرێت. بە دەگمەن سەرکردە دەم جیهانەدا هەبووە کە لەبەر پاراستنی گیانی خەڵکی سیڤیل پێشوازی لە مەرگ بکات و خۆی بەدەستەوەدات. قازی موحەممەد کە خۆی مافناسێکی سەردەم بوو و ساڵانێکی زۆر وەک دادوەر دە دادگادا کاری کردبوو، زۆر بە باشی لەگەڵ قانوونەکانی سەردەم ئاشنایی هەبوو. لە پەنای ئەوەشدا بەرپرسیارییەتی حکومەتی و ئیداری ئەو دە مەهاباددا بەر لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان هیچ شک و گومانێک لەسەر ئەم باسە ناهێڵێتەوە. دەقی نوتقەکانی قازی موحەممەد دەرخەری ئەوەن کە ئەو زۆر بە باشی ئاگادار بوو کە لەعەرزێدانی ئاڵای ئێران و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە جیاتی چ پەیامێک و کاردانەوەیەکی دەبێت. بڕیاڕی شەڕ و تەقەکردن لە سەربازەکانی ئێرانی و سڕینەوەی شکۆ و نیسێی دەستهەڵاتی ئێران لەسەر جوگرافیای ژێردەستی کۆماری کوردستان بڕیارگەلێکی هەستیار دە سیاسەتدا دەژمێردرێن کە مافناسێکی وەک قازی موحەممەد بە باشی لەگەڵیان ئاشنا بوو. هەر لەبەر ئەم زاڵبوونەشی بەسەر قانوون و ڕێساکانی سەردەمدا بوو کە خۆی دەیزانی ئێعدام دەکرێت.

قازی موحەممەد جیا لە ئاگایی تەواوی لە کاردانەوەکانی ئەو هەنگاوە سیاسیانەی کە هەڵیهێنابوون، بواری ئەوەی هەبوو کە وەک کەسانێکی دیکە ڕێگەی هاسانی هەڵهاتن هەڵبژێرێت، بەڵام ئەخلاقی بەرزی ئەو لە ئاست بەرپرسیارییەتییەکی ڕامیاری کە بەرانبەر نەتەوەکەی هەیبوو، دە ڕۆژی تەنگانەدا خۆی دەرخست و ئاگایانە خۆی قوربانی نەتەوەکەی کرد.

ئەوانەی کە بە مێژووی ئەوکات شارەزان، دەزانن کە کاتێک ئەڕتەشی ئێران تەورێزیان گرت، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی سیڤیل دە تەورێزدا کوژران و دەستدرێژی جنسی بۆ سەر سەدان کچی ترک تەنیا لەبەر ئەوە لە لایەن ئێرانییەکانەوە ئەنجامدرا چون پیشەوەری وەک بەرپرسی یەکەمی حکومەتی نیشتمانی ئازەربایجان ڕایکرد. پیشەوەری پشتی دە خەڵکی خۆی کرد و بەرەو ئاغاکانی باکوو ڕۆییشت و بایکۆتی هەموو ئەو بەرپرسیارییەتییەی کرد کە دە کاتی ڕاگەیاندنی حکومەتدا هەڵیگرت.

ڕۆژی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان، سوێندێک کە لە لایەن پێشەوای کوردستان بەسەر زمان‌دا هات کە قازی موحەممەد وەک سەرۆککۆماری کوردستان لە چرکە بە چرکەی باقی ژیانی خۆیدا پێی وەفادارما.

ئێتیک دە سیاسەتدا هەرکات بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر سنووردار بووە و مخابن دە سیاسەتدا زۆرتر سنوورێکی تەسک و بچووکی هەبووە، بەڵام لای قازی موحەممەد ئێتیک دە سیاسەتدا سنوورێکی پۆڵایینی هەبوو و هیچ شتێک نەیدەتوانی ئەو سنوورە لە ئەو بشکێنێت. هێڵی سوور دە سیاسەتی قازی موحەممەددا ئەو ئێتیک و بەرپرسیارییەتییە بوو کە زۆر بە ڕوونی دە سوێندی سەرۆککۆماری کوردستان‌دا هاتبوو. گەر دە دونیای سیاسەتدا ئێتیک هەرکات جلکێک بۆ شاردنەوەی بێئەخلاقی و فرتوفێڵ بووە، قازی موحەممەد ئەخلاقێکی دە سیاسەتدا لە خۆی بەجێهێشت کە هەرکات وەک میراتێکی نەتەوەیی بۆ کوردەکان جێگەی ڕێز دەمێنێتەوە.

درێژە بخوێنەوە

ئێعدام و مۆحاڕێبە

پێشتر ئاماژە بە ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان لەسەر مۆحاڕێبە کراوە و لەمبارەوە فۆرمە جۆراوجۆرەکانی چەواشەکردنی پرسی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران‌م دەستنیشانکردووە. دێرەدا بۆئەوەی زۆرتر لە پرسی ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان بە تاوانی مۆحاڕێبە ورد ببینەوە، فۆکووس لەسەر پێناسەی مۆحاڕێبە دە قانوونی سزاکانی ئیسلامیی‌دا دەکرێت کە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی سەرلەنوێ پاش پێداچوونەوە، بەفەرمی ڕاگەیەندرا.

مۆحاڕێبە دە بەندی ٢٧٩ی قانوونی سزاکانی ئیسلامیی‌دا بریتی لە چەککێشان بە مەبەستی کوشتن، یان زەوتکردنی ماڵ و نامووسی خەڵک یان تۆقاندنیان بە جۆرێکە کە ئاسایشی کۆمەڵگا وەژێر مەترسی بکەوێت. هەرکات کەسێک بە مەبەستی تاکەکەسی چەک لە کەسێک یان چەندین کەس بکێشێت و ئەو کارەی فۆڕمێکی گشتی نەبێت و یان ئەوە کە ئەو کەسە بەرانبەر خەڵک چەک بکێشێت و بەم کارەی ئاسایشی خەڵک تێکنەدات، مۆحاڕێبە بە حیساب نایەت.

بەندی ٢٧٩ی قانوونی سزاکانی ئیسلامیی کە سەرچاوەی سەرەکی بۆ پێناسەی مۆحاڕێبەیە، زۆر ڕوون دەستنیشانی کردووە کە مۆحاڕێب بە چ کەسانێک دەگوترێت. بە پێی ئەو دەقە لە قانوون، پەنجا و نۆ لاوەکەی مەهاباد دەوپەڕی سەرەڕۆیی و ناعەداڵەتیدا ئێعدامکران. هیچکام لەو پەنجا و نۆ لاوە چەکیان نەکێشابوو و ئاسایشی گشتی و کۆمەڵگایان خەوشەدار نەکردبوو. تەنانەت قوربانییەکانی زنجیرە ئێعدامە بەکۆمەڵەکانی دیکەش (بۆ وێنە وەک قوربانییەکانی فڕۆکەخانەی سنە) مۆحاڕێبەیان ئەنجام نەدابوو. مامۆستایەکی وەک فەرزاد کەمانگەر کە تەنیا پێنووسی بە دەستەوە بوو و لە قوتابخانەکاندا خزمەتی مناڵانی کوردستانی دەکرد بە تاوانی مۆحاڕێبە ئێعدام کرا. دە کۆی نموونەکانی ئێعدامکردنی پتر لە سێ دەیەی ڕابوردوودا دەبینین کە ئەو سیستەمە سەرەڕۆیانە بەرانبەر کوردەکان هەڵسوکەوتی کردووە و تەنانەت قانوونە داڕێژڕاو و گەڵاڵەکراوەکانی خۆشیان دروستبوونی ئێعدامی کوردە سیاسییەکان پشتڕاست ناکات. پۆلێنبەندیکردنی کوردە سیاسییەکان بە ئەنجامی مۆحاڕێبە جیا لە نادروستبوونی، ناعادڵانەبوونی سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێزنەگرتنی دادگا لە قانوونەکانی خۆیان نیشان دەدات. مێژووی دڵتەزێن و خوێناوی کوردەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئەم ناعەداڵەتییانە ساغبوونەوە کە وەک دەبینن بە بچووکترین لێوردبوونەوە دەردەکەوێت بە چ شێوەیەکی دڕەندانە بەرەنگاری ویستی ماف لە لایەن کوردەکانەوە بوون.

بە پێی ئەو زانیاری و ناسینەی کە لە زۆربەی کوردە ئێعدامکراوەکانمان هەیە، دەتوانین بە متمانەوە بێژین کە ڕێژەیەکی یەکجار کەم لە کوردە سیاسییە ئێعدامکراوەکان دەکرێت وەک تاوانبارێک بە پێی پێناسەی مۆحاڕێبە دە بەندی ٢٧٩ی قانوونی سزاکانی ئیسلامیی بزانین. تەنانەت هەر بە پێی ئەو پێناسەیە کە دە بەندی ٢٧٩ی قانوونی سزاکانی ئیسلامیی‌دا کراوە، ئێعدامکراوێکی وەک ئێحسان فەتاحیان‌یش ناتوانین هەروا بەبێ لێوردبوونەوە و بەڵگە بە ئەنجامی مۆحاڕێبە تاوانبار بناسین. دروستە کە ئێحسان فەتاحیان پێشمەرگە بوو و چەکی لە دژی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵگرتبوو، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بڵاو نەبووەتەوە کە سەلمێنەری ئەوە بووبێت فەتاحیان خەڵکی تۆقاندبێت یان ئاسایشتی گشتی خەوشەدار کردبێت!

مخابن بواری داواکردنی بەڵگە لە سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە، هەربۆیە فۆکووس دەبەمەوە سەر ئەو ئێعدامکراوانەی کە چەکیان پێ نەبوو و وەک شارومەندێکی سیڤیل دەژیان و تەنیا لەبەر بوونی فکرێکی سیاسی ئێعدامکراون.

بەندی ٢٧٩ی قانوونی سزاکانی ئیسلامیی ڕێگە نادات کە کوردێکی سیاسی ئێعدامکرێت. دە ئەو بەندەدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە ئەو کەسانەی کە چەکیان هەڵنەگرتبوو و تەنیا خاوەنی فکرێکی سیاسی بوون، ناکرێت بە ئەنجامی مۆحاڕێبە تاوانبار بزانرێن. ئێعدامی کوردە سیاسییەکان دە کۆی ساڵانی دەستهەڵاتداری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەم شێوەیە بووە کە تەنانەت دەقەکانی قانوونی خۆشیان دروستبوونی ئەو ئێعدامانە بە دروست نازانێت!

ئێعدام و تۆڵەسەندنەوە

تۆڵەسەندنەوە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە نەبوونی ژیارییەوە هەیە. کاتێک شارستانیەت دە ئارادا نەبوو، تۆڵەسەندنەوە ساناترین جۆری هەڵوێستگرتن لەسەر خەسارێک دەژمێردرێت کە لە لایەن خەتاکارەوە بە قوربانی دەگات.

تۆڵەسەندنەوە بە درێژایی مێژوو هەبووە. هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی جێمتمانە دەبەردەستدا نییە بۆئەوەی بە دڵنیاییەوە بزانین سەرەتا لای کام هۆز و خەڵک لەم گۆی زەویەدا تۆڵەسەندنەوە وەک ڕێگەچارەی بەسزاگەیاندنی تاوانبار دەکارگیراوە. سەرچاوە جۆراوجۆرەکان ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە کە لای عەشیرەتە دواکەوتووەکانی ئۆستڕاڵیا و لای ئیسکیموویەکان و خەڵکی سەر و خواری ئامازۆن هەبوون و مێژووی مێزۆپۆتامیاش لە کۆنەوە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە تۆڵەسەندنەوە لای خەڵکە جۆراوجۆرەکانی ئەو دەڤەرەش ئاسایی بوو. دواتر تەنانەت دە دەقە ئایینییەکانیشدا ئاماژە بە تۆڵەسەندنەوە کراوە.

بڕیاری تۆڵەسەندنەوە دە کاتێکدا دە نێو کۆمەڵگاکاندا ئاسایی دەژمێردرا کە سیستەمی داد بوونی نەبوو. نەبوونی دادگایەک کە سکاڵا ئاراستەی بکرێت، دەبوو بە هۆکار بۆئەوەی هەرکەسە هەست بە خەسارێک بکات تۆڵەی خۆی بستێنێتەوە. بە گشتی تۆڵەسەندنەوەکان دە زۆربەی زەمەنە مێژووییەکاندا و لای زۆربەی خەڵک و هۆزە جۆراوجۆرەکان بە شێوەی کوشتنی فیزیکی تاوانبار بووە. دێرەدا فۆکووس لەسەر جۆری کۆمەڵگایە. ئەو کۆمەڵگایانەی کە خاوەنی سیستەمی داد و دادگا نەبوون، ئەم جۆرە بڕیارە ڕەمەکێیەیان داڕشتبوو و لە ڕێگەی تۆڵەسەندنەوە عەداڵەتیان دەپاراست. واتە نەبوونی ژیاری و شارستانییەت تاقە هۆکاری تۆڵەسەندنەوەی سەرەڕۆیانە دە نێو کۆمەڵگاکاندا بوو.

بە پێی ئەو پێناسەیەی کە لە مۆحارێبە دە قانوونی سزای ئیسلامیی ئێران‌دا کراوە، کوردێک کە خاوەنی هزری سیاسیی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت، نادروستە بە ئەنجامدەری مۆحاڕێبە پۆلێنبەندی بکرێت (لە بابەتی داهاتوودا فۆکووس لەسەر ئەم باسە دەکەم).

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە مۆحاڕێبە لە لایەن کوردە سیاسییەکانەوە ئەنجام نادرێت، ئێعدامی کوردەکان بە هۆکاری سیاسیبوونیان، تۆڵەسەندنەوەیەکی ناژیارانەیە کە سەرچاوە لە فەرهەنگ و تۆلێرانسی سیاسی لاوازی ئێرانییەکان وەردەگرێت. بوونی هزری سیاسی کوردەکان لای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە واتای درێژەی هەمان سیاسەتە کە سەرکردایەتی سیاسی کوردەکانی ڕۆژهەڵات پێداگرییان لەسەر کرد. سەرکردایەتی سیاسی کوردەکان و جیلی پێشووی کوردەکان دە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا هیچکات سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستووری بنەڕەتی بە فەرمی نەناساند و ئەمڕۆکەش بوونی کوردانی سیاسی دە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا ئاماژە بە سەرچاوەیەکە کە کێشەی ناوەتەوە. قبووڵنەبوونی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستووری بنەڕەتی پاش شۆڕشی ١٩٧٩ لە لایەن کوردەکانەوە لەبەر پێشێلکردنی مافە ئێتنیکییەکانی کوردەکان و بایکۆتکردنی زۆر لە مافە ڕەواکانی ئەوان بوو. بەهۆی ئەوە کە ئەو پرسە هێشتا چارەسەر نەکراوە، هەربۆیە خەبات بۆ وەدیهاتنی ئەو مافانە درێژەی کێشاوە. لەسەر ئەم بنەمایە و تێڕوانینەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر کوردێکی سیاسیی ئێعدام دەکات، چون کوردە سیاسییەکانی ئەمڕۆ جیا لە کوردەکانی سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩ زایینیی نابینێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆڵەی ئەو فکرە دەستێنێتەوە کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانی دەکرد و هیچکات شەڕعییەتی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەدا.

 

ئێعدام و کوشتنی مافی کولتووری

گەر ئێمە واز لە پێناسەی نادروستی نەتەوە و ئێتنیک دە دەستووری بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا بهێنین و وەک گریمانەیەک دەستوور وەک سەرچاوەی باس بپەژرێنین، دە خودی دەستووری بنەڕەتی‌دا ئاماژە بە فرەئێتنیکبوونی ئێران کراوە. ئەم گرووپە ئێتنیکییانە داب و نەریتی تایبەت بە خۆیان بۆ ناشتنی مردووەکانی خۆیان هەیە. دە نێو ئێران‌دا کوردەکان خاوەن کولتوورێکی جیا لە فارسی شیعەن. تەنانەت داب و نەریتی پێوەندیدار بەم باسەش لە نێوان کوردە شیعەکان و فارسەکان جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە. کوردەکان بە هەمەوو ڕەنگاوڕەنگی ئایینی و زاراوەیی خۆیانەوە، جگە لە هەستی هاوبەش بە کۆمەڵێک فاکتەری کولتووری لە یەک گرێ دراون و هەر ئەم فاکتەرانە کوردەکان لە فارس و عەڕەب و ترک و … جیا دەکاتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران جیا لە مافە سیاسییەکان، زۆر مافی غەیری سیاسیش لە کوردەکان زەوت دەکات کە ئەم مافە کولتوورییەی دێرەدا ئاماژەی پێ کرا یەک لەوانە کە لە کوردێکی سیاسی ئێعدامکراو و بنەماڵەکەی دەکوژێت و تەرمەکە ڕادەستی بنەماڵەی ئێعدامکراو ناکات. سیلەگرتن لە هەست و کولتووری بنەماڵەی ئێعدامکراو، ئەوپەڕی بێ‌ئەخلاقی سیستەمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەردەخات.