ئێعدام دە نێوان «کۆنوانسیۆنی مافەکانی مەدەنی و سیاسی» و چەواشەکاری‌دا

پەروەندەی کوردە سیاسییەکان دە سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا ڕادەستی دادگای گشتی ناکرێت. ئەو جۆرە کەیسانە لە لایەن «دادگای شۆڕش» حوکم دەدرێن. بە گشتی ئەو کەیسانەی کە ڕادەستی دادگای شۆڕش دەکرێن بریتین لە:

  • هەموو ئەو تاوانانەی کە دژ بە ئاسایشی نەتەوەیین و یان مۆحاڕێبە و فەسادی سەر زەوی دەژمێردرێن.
  • ئیهانەکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران (خۆمەینی) و ڕێبەڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
  • خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان چەککێشان دژی حکومەت و یان خاپوورکردنی دەزگاکانی حکومەتی بە مەبەستی دژایەتیکردنی حکومەت.
  • سیخوڕیکردن بۆ بێگانە.
  • هەموو تاوانەکانی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان و قاچاغ.
  • ئەو تاوانانەی کە دە ئەسڵی چل و نۆی دەستووری بنەڕەتیدا دەستنیشانکراون.[1]

یەک لە خاڵە گرنگەکانی پێوەندیدار بە پرسی ئێعدام دە کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا ئەوەیە کە هەرکات بۆ وێنە دادگای شۆڕش حوکمی ئێعدام بۆ کوردێکی سیاسیی ببڕێتەوە، ئەو حوکمە شەڕعییەتی بەڕێوەبردنی نییە و پێویستە بۆ دروستبوون یان نادروستبوونی حوکم، پەروەندەی کوردە سیاسییەکە ڕادەستی دیوانی باڵای وڵات یان دادئەستێنی گشتی وڵات بکرێت.[2]

یەک لە تایبەتمەندییەکانی دادگای شۆڕش‌یش ئەوەیە کە تەنیا یەک دادوەری هەیە و گەر دادوەر حوکمی ئێعدام بۆ کوردێکی سیاسی ببڕێتەوە، پەروەندە و حوکمەکەی دەبێ بۆ دیوانی باڵای وڵات یان دادئەستێنی گشتی وڵات بنێردرێت و گەر حوکمەکە لە لایەن یەک لەو دوو پێگەیە پشتڕاست بکرێت، ئێعدام بەڕێوەدەچێت.[3] خاڵێکی دیکەش کە دەبێ فۆکووسی لەسەر بکرێت ئەوەیە کە کوردەکان دە دادگاکانی شۆڕشدا لەسەر تاوانی مۆحاڕێبە دادگایی دەکرێن. پێشتر لەمبارەوە نووسیومە کە پۆلێنبەندیکردنی فکری سیاسی کوردەکان بە مۆحاڕێبە بە مەبەستی چەواشەکردنی پرسی سیاسی کوردەکان ئەنجام دەدرێت. دێرەدا لەسەر یەک لە هۆکارەکانی ئەو چەواشەکارییەی سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێت.

خاڵی سەرنجڕاکێش دە مێژووی سیاسی نێوان کوردەکان و کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا ئەوەیە کە شەڕ لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەسەر کوردەکان‌دا سەپا.[4] کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ ڕێگەیەکی بۆ دیالۆگ و چارەسەری دیپڵۆماتیک لەمەڕ پرسی کورد لەگەڵ نوێنەرانی ڕاستەقینەی کوردەکان نەهێشتەوە. خۆمەینی کە ڕێبەڕی ئێرانییەکان بوو، لە ڕێگەی ناقانوونیناساندنی حیزبەکانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەموو ئەو مافە ئێتنیکییانەی کوردەکانی کرد کە دە دەستووری بنەڕەتی‌دا پێشێلکرابوون.

دە قانوونی ئەو سیستەمەدا سزای خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان چەککێشان دژی حکومەت، ئێعدامە، بەڵام دە گەڵاڵەکردنی ئەم دەقە لە قانووندا سانسۆڕێکی سیستەماتیکی مێژوو و پرسی کورد کراوە. هەموو ڕاگەیاندن و لێدوانە فەرمییەکانی نوێنەرانی ئێران و کوردەکان لە سەردەمی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران دەبەردەستدا هەن. کوردەکان بە بەردەوامی وەک سیاسەتی سەرەکی خۆیان دیالۆگیان هەڵبژارد و باوەشیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕێگەی دیالۆگەوە بوو. تەنانەت پاش سەپاندنی شەڕ لە سنە هێشتا کوردەکان باوەشیان بۆ دیالۆگ ئاوەڵا بوو. سەپاندنی شەڕی نەغەدە و بەڕێوەبردنی کوشتاری زۆر هەژێنەر (بۆ وێنە کۆمەڵکوژی قاڕنێ) لە لایەن نزیکانی خۆمەینی‌یەوە ڕێگە بۆ هیچ دیالۆگێک ناهێڵێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەم هەمووە جەنایەت دژی مرۆڤایەتییە، دیسان کوردەکان تۆلێرانسی باڵای خۆیان نیشاندا و بە هیوای «دامەزرانی کۆمەڵگایەکی پڕ لە ئاشتی و عەداڵەت» و «پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ» ئامادەبوون لە پشت میزی دیالۆگ لەگەڵ نوێنەرانی تاران دابنیشنەوە. جیا لەوە کە کەش و هەوای ستانداردی دیالۆگ لە لایەن ڕادیکاڵەکانی تارانەوە بە بەردەوامی خەوشەدار دەکرا، هەگبەی نوێنەرانی تاران دە کاتی دیالۆگیشدا شتێکی ئەوتۆی بۆ کوردەکان پێ نەبوو. نوێنەرانێک کە لە تاران ڕا بۆ دیالۆگ دەنێردران، تەنانەت مافی ئەوەیان نەبوو کە کاخەزێک واژۆ بکەن و ئەو ئێعتبار و کرێدیتەیان نەبوو کە گەر لەسەر کۆمەڵێک خاڵ لەگەڵ کوردەکان ساغ ببنەوە، هەرلەوێ گەڵاڵە و واژۆی بکەن و وەک پەیمانێکی سازان لەگەڵ نوێنەرانی کورد بژمێردرێت کە هەر دووک لایەن پێی پابەند بن. دە هیچکام لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی ئەوکاتدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە نوێنەرانی تاران دە کوردستان‌دا ئەو پێگەیەیان پێ درابێت کە مافی بڕیاڕدانیان هەبووبێت. خۆمەینی کە ڕێبەڕی تارانی بە دەستەوە بوو، چاوەڕێی ئەوە بوو نوێنەرانی کورد ملکەچی ئەو دەستوورە بنەڕەتییە بن کە دانی بە هەموو مافە ئێتنیکییەکانی کورد بە پێی ئەو کۆنوانسیۆنانەدا نەدەهێنا کە ئێران لای ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆیکردوون. دە کۆتاییشدا هەر خۆمەینی بوو کە بۆ هەتاهەتایە ڕێگەی دیالۆگی لە کوردەکان بەست و جیا لەوە کە حیزبە کوردییەکانی بە ناقانوونی ناساند، شەڕی دژی کوردەکان ڕاگەیاند.

لێوردبوونەوە لە کۆنوانسیۆنێک دێرەدا لەم چەند ڕوویەوە پێویستە:

  • یەکەم: لەیەکگرێدراوبوونی پرسەکانی ئێعدام و مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان.
  • دووهەم: چەواشەکاری سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ پۆلێنبەندیکردنی خەباتی کوردەکان.

یەکەم: لەیەکگرێدراوبوونی پرسەکانی ئێعدام و مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان:

بۆ ئەوە کە لە لەیەکگرێداربوونی پرسەکانی ئێعدام و مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان دڵنیا بین، پێویستە کە سەرنج بە «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» بدرێت کە ئێران یەک لە واژۆکەرانی ئەو پەیمانە نێونەتەوەییە.

ئەو کۆنوانسیۆنە دە ڕێکەوتی ٤ی ٤ی ١٩٦٨ی زایینیی‌دا (١٥ی ١ی ١٣٤٧ی کۆچی هەتاوی) لە لایەن نوێنەری ئێران لای ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند و واژۆ کرا. دواتر دە ڕێکەوتی ١٤ی ١١ی ١٩٧٢ی زایینی‌دا (٢٣ی ٨ی ١٣٥١ی کۆچی هەتاوی) لای «مەجلیسی شۆڕای نەتەوەیی» ئێران پەسەند کرا و دواتریش دە ڕێکەوتی ٧ی ٥ی ١٩٧٥ی زایینی‌دا (١٧ی ٢ی ١٣٥٤ی کۆچی هەتاوی) لە لایەن «مەجلیسی سەنا»ی ئێران پەسەندکرا.[5]

گرنگی ئەم کۆنوانسیۆنە لەبەر ئەوەیە کە فۆکووسی لەسەر پرسەکانی ئێعدام و مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان کردووە.

دەو کۆنوانسیۆنەدا دە بەشی یەکەم، ئاڕتیکلی یەکەم، مادەی یەکەم بەم شێوەیە ئاماژە بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان کراوە: «تەواوی گەلان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە. بە پێی ئەو مافە، ئەوان بۆخۆیان ئازادانە بڕیاردەری ستاتووسی سیاسی خۆیانن و خۆیان ئازادانە پەرەسەندنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری خۆیان دابین دەکەن.»[6]

پاش ڕووخانی حکومەتی پەهلەوی دە ساڵی ١٩٧٩ی زایینیدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەو کۆنوانسیۆنانەی وەک پەیماننامەگەلێکی پەسەند قبووڵ بووە و گۆڕانێک لە باری ڕوانین دە ئارادا نەبووە. ماڵپەڕی فەرمی «مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی» کۆماری ئیسلامیی ئێران‌ دەقی فارسی ئەو کۆنوانسیۆنەی وەک بەڵگەیەکی پەسەند بە شێوەی فیزیکی و ئەلێکتڕۆنی بەچاپگەیاندووەتەوە.[7]

دە بەشێکی دیکە لەم کۆنوانسیۆنەدا ئاماژە بە مافی ژیان کراوە کە دە شەش خاڵدا گەڵاڵەکراوە. دە خاڵی یەکەمدا سەبارەت مافی ژیانی هاتووە کە هەر مرۆڤێک دە بنەڕەتدا مافی ژیانکردنی هەیە و ئەم مافەی دەبێ لە لایەن قانوونەوە بپارێزرێت و نابێ هیچ مرۆڤێک بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەو مافە بێبەرکرێت.[8]

دە خاڵی دووهەمدا ئاماژە کراوە کە هەر وڵاتێک سزای ئێعدام بەکار دەهێنێت، جیا لەوە کە حوکمی ئێعدام لای ئەوانیش بە ناڕەوا دەزانرێت، حوکمی ئێعدامکردنەکە نابێ دژایەتی لەگەڵ «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» و «کۆنوانسیۆنی به‌رگرتن و سزادانی جەنایەتی ژێنۆساید» هەبێت.[9]

دە خاڵەکانی دواییشدا فۆکووس لەسەر پرسی ئێعدام کراوە. مەبەست ئەوەیە کە دە هەمان کۆنوانسیۆندا کە وەک پەیمانێکی نێونەتەوەیی لە نێوان ئەندامانی ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ مافەکانی مەدەنی و سیاسی واژۆکراوە، ئاماژە بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان و پرسی ئێعدام کراوە. کارناسان، سیاسەتوانان و مافناسانی داڕێژەڕی دەقەکانی ئەو کۆنوانسیۆنە بە تێبینییەوە ئەم دوو پرسەیان لەگەڵ یەک دە کۆنوانسیۆنێکدا هێناوە، چون شیمانەی ئەوەیان دەکرد کە لەوانەیە بە تاوانی چالاکی سیاسی بۆ وەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس، حوکمی ئێعدام بەسەر چالاکێکی سیاسی‌دا بسەپێنن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەم ڕێگەی دیالۆگی لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژهەڵات بەست و هاوکات شەڕی بەسەر کوردەکان‌دا سەپاند، نادروستە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک واژۆکەرێکی ئەو کۆنوانسیۆنە، کوردێکی سیاسیی بە تاوانی کوردبوون و خوازیاربوونی بەفەرمیناساندنی مافە ئێتنیکییەکانی کورد ئێعدام بکات، چون دە سەرەتای ئەو کۆنوانسیۆنەدا ڕێز لە ئەو مافە ئێتنیکییانە بۆ کوردەکان دە چوارچێوەی مافی دیاریکردنی چارەنووس گیراوە. مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان و پرسی ئێعدام پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە یەکەوە هەیە و هەربۆیە دە یەک پەیماننامەی نێونەتەوەییدا لەژێر ناوی «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» گەڵاڵە کراون.

دووهەم: چەواشەکاری سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ پۆلێنبەندیکردنی خەباتی کوردەکان:

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە تۆلێرانسی بۆ بوونی فکرێکی مافخوازانە دە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا نییە، ماشێنی ئێعدامکردنی هەردەم بە خوێنی کوردە سیسییەکان سوور بووە و بۆ ئەوەی ئێعدامی کوردەکان وەک پرسێک دە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا زەق نەبێتەوە، دە پۆلێنبەندیکردنی تاواندا چەواشەکاری دەکات. بۆ گەییشتن بە ئامانجیش لە دین وەک کەرەستەیەک کەڵک وەردەگرێت و چەواشەکارییەکەی پێ سەرپۆش دەکات.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێی «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» ئەرکی ڕێزگرتن لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکانی هەیە و هاوکات مافی ئەوەی نییە کوردەکان بە تاوانی بوونی فکرێکی سیاسیی ئێعدام بکات. کوردە سیاسییەکان لەسەر فکرێک ئێعدام کراون کە بریتی بووە لە مافە ئێتنیکییەکانی کورد کە زۆرینەی دە چوارچێوەی مافی دیاریکردنی چارەنووسدا مسەوگەر دەبن. واتە گەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان بە فەرمی ناسێندرابا، بەشێکی بەرچاو لە ئێعدامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویاننەدەدا. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی کە بە دەستێکی ئاوەڵاوە کوردە سیاسییەکان ئێعدام بکات و کێشەیەکی لە ئاست واژۆکردنی «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» بۆ نەیەتە پێش، تاوانی کوردە سیاسییەکان بە مۆحاڕێبە پۆلێنبەندی دەکات. ئەو سیستەمە لە ڕێگەی پۆلێنبەندیکردنی خەباتی کوردەکان بە «شەڕ لە بەرانبەر خودا» و «فەساد لەسەر زەوی» چەواشەکاری خۆی ئەنجام دەدات و کڵاوێکی شەڕعی بۆ بەڕێوەبردنی قینی تایبەتی خۆی بەرانبەر کوردە سیاسییەکان دەکار دەگرێت بۆئەوەی دە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا و بە تایبەتی لای ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان پرسی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان زەق نەبێتەوە.

چەواشەکاری فارسەکان دە وەرگێڕانی دەقەکانی کۆنوانسیۆن‌دا

بۆ من کە پتر لە دە ساڵە لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسە تڕاژیکەکانی کوردەکان و «چەند گرووپێکی ئێتنیکی دیکە دە پێوەندی بە پرسی کورددا» دەکەم، زۆرجار وەبەرچاوم کەوتووە کە دەقی جۆراوجۆر کە بە حاستەم قازانجی کوردەکانی تێدا بووە، لای فارسەکان دە کاتی وەرگێڕاندا چەواشە کراوە. ئەوەی کە تا بە ئێستا بینیومە، سەلمێنەری ئەم کارەساتەیە کە قەڵەمبەدەستانی فارس لە پێنووسی خۆیان وەکی پاسدارێکی مناڵکوژ کەڵکی نادروستیان وەرگرتووە. ئەوان بە ئانقەست لە ڕێگەی وەرگێڕانێکی نادروست، سیلەیان لە بەرژەوەندییەکانی گەلانی غەیری فارس گرتووە. نموونە بۆ سەلماندنی چەواشەکاری فارسەکان لەمبارەوە یەکجار زۆرە، بەڵام بۆئەوە لە باسەکە دوور نەکەوین، دێرەدا قامک لەسەر نموونەیەک لەو چەواشەکارییانە دادەنێم کە دە وەرگێڕانی «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» بە شێوەیەکی مەبەستدار ئەنجامدراوە.

بۆ هەر مرۆڤێک کە ئاشنایی لەگەڵ زمانەکانی ئینگلیسی و فارسی هەبێت، دەزانێت کە بۆ ”نەیشن” دە زمانی ئینگلیسیدا چ وشەیەک دە زمانی فارسیدا دروستە و دەزانێت کە بۆ ”پیپڵ” دە زمانی ئینگلیسیدا چ وشەیەک دە زمانی فارسیدا هەیە.

دە بەشی یەکەم، ئاڕتیکلی یەکەم، مادەی یەکەم، ڕستەی یەکەم لە «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی»دا نووسراوە کە «تەواوی گەلان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە.»

دەقی ماک لای ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەم شێوەیەی ژێرەوەیە:

All peoples have the right of self-determination.[10]

دەقی وەرگێڕانی فارسی بەم شێوەی ژێرەوەیە:

«کلیه ملل دارای حق خود مختاری هستند.»[11]

فارسەکان دەو شوێنەدا کە ئاماژە بە مافی دیاریکردنی چارەنووس کراوە، مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلانیان بە خودموختاری نەتەوەکان تۆمارکردووە. هەموو شارەزایەک ئاگادارە کە فارسەکان زۆر بە تێبینییەوە لە تێڕمە سیاسییەکان کەڵک وەردەگرن. فارسەکان سەرەڕای ئەوە کە کوردەکان، عەڕەبەکان، ترکەکان، بەلووچەکان و ترکەمەنەکانی نێو ئێران خۆیان پێ نەتەوەیەکی جیاواز لەچاو فارسەکانە، هەرکات لەسەر پۆلێنبەندیکردنی ئەوان بە قەوم پێداگرییان کردووە و نەتەوەیەک بەو ناوانە جگە لە نەتەوەی ئێران بە دروست نازانن، بەڵام بۆئەوە کە ئەو جۆرە کۆنوانسیۆنانە دە نێوخۆدا کێشەیەکیان بۆ سازنەکات، دە وەرگێڕانی دەقەکاندا دەستکاری پێویست دەکەن. کە سەرنجی دەقە فارسییەکە بدەین، نالۆژیکبوون و نادروستبوونی دەق زەق و بەرچاوە، چون «مافی خودموختاری نەتەوەکان» واتایەک نابەخشێت. یانی چی « کلیه ملل دارای حق خود مختاری هستند.»؟

نەتەوەکان بە پێی ئەو پێناسەیەی کە لای زۆربەی کۆمەڵگاکان و خودی ئێرانییەکان کراوە، خاوەنی سەربەخۆیین. چۆن دەکرێ دە گەڵاڵەکردنی دەقێکدا ئەمەندە نائاگا بن کە خودموختاری وەک مافی ڕەوای نەتەوە سەربەخۆکان بناسن.

گزەکردن و چەواشەکاری فارسەکان هەر لەم یەک ڕستەیەدا، لە شوێنێکی دیکەش ئەنجامدراوە. سەرنج بدەن کە دە دەقی ئینگلیسیدا باس لە مافی بڕیار لەسەر چارەنووس کراوە، بەڵام فارسەکان بە خودموختاری وەریانگێڕاوە. دێرەدا پێویست ناکات کە زۆر ڕوونکردنەوە لەمبارە بکرێت، چون هەڵەبوونی وەرگێڕانەکە و چەواشەکاربوونی فارسەکان دە وەرگێڕاندا زەق و بەرچاوە.

شارەزایان دەزانن کە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان دەکرێت بە شێوەی جۆراوجۆر لە لایەن گەلانەوە گەڵاڵە بکرێت کە خودموختاری یەک لەوانە. گەلێک دەتوانێت پاشەڕۆژ و چارەنووسی خۆی بە شێوەی سەربەخۆیی گەڵاڵە بکات، بەڵام فارسەکان دە وەرگێڕانی دەقی کۆنوانسیۆن بۆ سەر زمانی فارسی چەواشەکارییان دە ئەم بەشەشدا کردووە.

فارسەکان دە وەرگێڕانەکەدا سنووری ئەخلاق و حوڕمەتی نێونەتەوەیی و مافی هەموو گەلانی ژێردەستی خۆیان خەوشەدارکردووە. بۆ ئەوان تۆلێرانسێک بۆ ئەوە نییە کە هەر گەلێک لەسەر پاشەڕۆژ و ستاتووسی سیاسی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی خۆی بڕیار بدات و بۆئەوە کە لەمبارەوە کێشەیەکی زۆرتریان دە نێوخۆدا بۆ سازنەبێت، دە وەرگێڕانی دەقی کۆنوانسیۆندا بە ئانقەست ئەم چەواشەکاریانە ئەنجام دەدەن.[12]

سەرچاوە و ژێدەر:

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

[1]  بڕوانە مادەی پێنجەم دە قانوونی پێکهێنانی دادگای گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی کە دە ڕێکەوتی ٦ی ٧ی ١٩٩٤ی زایینی پێداچوونەوە و نوێ کرا. بە هەمان شێوە بڕوانە ئەم سەرچاوەی ژێرەوە:

بهمن کشاورز، برای «اعدام» رأی چند قاضی لازم است؟، ماهنامه قضاوت آذر و دی 1386 شماره 48، ص ٤٤

تێبینی: ئەم قانوونانە دە ڕێکەوتی ٢٠ی ١٠ی ٢٠٠٢ی زایینی‌دا سەرلەنوێ پێداچوونەوە کران، بەڵام ئەم بەشە کە دێرەدا هاتووە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهات.

[2]  بهمن کشاورز، برای «اعدام» رأی چند قاضی لازم است؟، ماهنامه قضاوت آذر و دی 1386 شماره 48، ص ٤٣

[3]  هەمان سەرچاوەی پێشوو

[4]  دە پەرتووکێکدا کە بە زمانی نەروێژی لەسەر کوشتاری خەڵکی سیڤیلی قاڕنێ نووسیومە، بە وردی وەنێو ئەم باسە بە شێوەیەکی کڕۆنیکل کەوتووم.

[5]  بڕوانە پێشەکی «قانون اجازه الحاق دولت شاهنشاهی ایران به میثاق بین المللی حقوق مدنی و سیاسی» کە لە لایەن ”ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی” کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوبووەتەوە.

[6]  لە دوو سەرچاوەی ماک بە زمانەکانی نەروێژی و ئینگلیسی کەڵک وەرگیراوە. بڕوانە:

  • FN-SAMBANDET (The United Nations Association of Norway (UNA Norway), Internasjonal konvensjon om sivile og politiske rettigheter, Del 1, Art 1., 1.
  • United Nations High Commissioner for Human Rights (OHCHR), International Covenant on Civil and Political Rights (Adopted and opened for signature, ratification and accession by General Assembly resolution 2200A (XXI) of 16 December 1966 entry into force 23 March 1976, in accordance with Article 49): PART I, Article 1, 1.

[7]  مجلس شورای اسلامی؛ مرکز پژوهش‌ها، قانون اجازه الحاق دولت شاهنشاهی ایران به میثاق بین المللی حقوق مدنی و سیاسی، پروندە شمارە ٢٥٦٤، چاپ شمارە ٦، جلد شمارە ١٦

تێبینی: پاش ڕووخانی سیستەمی پەهلەوی، هیچ مەرجێک و تێبینییەک لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بەم کۆنوانسیۆنە ئاراستەی ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان نەکراوە و وەک سیستەمی پەهلەوی ئەو پەیماننامەیان بەبێ مەرج پەژراندووە.

[8]  سەرچاوە نەروێژی و ئینگلیسییەکەی ئەم بەشە لە کۆنوانسیۆن:

  • FN-SAMBANDET (The United Nations Association of Norway (UNA Norway), Internasjonal konvensjon om sivile og politiske rettigheter, Del 3, Art 6, 1.
  • United Nations High Commissioner for Human Rights (OHCHR), International Covenant on Civil and Political Rights (Adopted and opened for signature, ratification and accession by General Assembly resolution 2200A (XXI) of 16 December 1966 entry into force 23 March 1976, in accordance with Article 49): PART III, Article 6, 1.

[9]  بڕوانە خاڵی دووهەم دە هەمان سەرچاوەی پێشوودا.

بۆ خوێندنەوەی «کۆنوانسیۆنی به‌رگرتن و سزادانی جەنایەتی ژێنۆساید» بڕوانە ئەم سەرچاوەی ژێرەوە:

کۆنوانسیۆنی به‌رگرتن و سزادانی جەنایەتی ژێنۆساید، وەرگێڕانی سۆران کەرباسیان، ئۆسڵۆ ٢٠١٤

لەم بەستەرەی ژێرەوەدا دەتوانن بیخوێننەوە:

https://harikar.wordpress.com/2014/09/10/convention

[10]  United Nations High Commissioner for Human Rights (OHCHR), International Covenant on Civil and Political Rights (Adopted and opened for signature, ratification and accession by General Assembly resolution 2200A (XXI) of 16 December 1966 entry into force 23 March 1976, in accordance with Article 49): PART I, Article 1, 1.

[11]  مجلس شورای اسلامی؛ مرکز پژوهش‌ها، قانون اجازه الحاق دولت شاهنشاهی ایران به میثاق بین المللی حقوق مدنی و سیاسی، پروندە شمارە ٢٥٦٤، چاپ شمارە ٦، جلد شمارە ١٦

[12]  پێویستە ئەمەش بگوترێت کە دێرەدا بە پێی ئەو کە پارڵەمانەکانی دوو سیستەمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی ئێران کە نوێنەرایەتی فارسەکانیان کردووە، دە نووسیندا لە ناوی فارس کەڵک وەرگیراوە. ئەم کۆنوانسیۆنە لە لایەن نوێنەرانی فارسەکان بەو شێوە چەواشەکارانە وەرگێڕدراوە سەر زمانی فارسی و دواتر کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتووەتە سەر دەستهەڵات، هیچ گۆڕانێکی بەسەر دەقەکاندا نەهێناوە و وەرگێڕانی سەردەمی پەهلەوی بە دروست ناساندووە. ئەو پارڵەمانانە نوێنەرایەتی فارسەکانیان کردووە و هەربۆیە ئاساییە کە بێژین فارسەکان دە وەرگێڕانی دەقی کۆنوانسیۆندا ئەمانەتی پێویستیان نەپاراستووە و بە شێوەیەکی نامرۆڤی دژ بە بەرژەوەندییەکانی گەلان سنووری ئەخلاقیان بەزاندووە و چەواشەکارییان دە وەرگێڕانی دەق بۆ سەر زمانی فارسی ئەنجامداوە.

لێدوانێک بنووسە