ئێعدام؛ کەرەستەی تۆقاندن
جیا لەو باسانەی کە تا بە ئێستا سەبارەت بە سیاسەتی بەکارهێنانی ئێعدام لە لایەن سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراون، مێتۆدێکی دیکە دە زیندانەکاندا لە لایەن ئەو سیستەمەوە بەڕێوەچووە. ئەوجۆرە لە ئێعدام دە خودی زینداندا بەڕێوەدەچێت.لەم مێتۆدەدا کۆمەڵێک زیندانی سیاسی دەبەن و دەیانکەنە شایەتی ئێعدامکردنی کەسانی دیکە. زیندانی سیاسی لەو شوێنە ڕادەگرن کە کەسێکی دیکە هەڵداوەسن. بینەرانی ئێعدامکردن دەو حاڵەتەدا باڵانسی خۆیان لەدەست دەدەن. چرکە بە چرکەی بەڕێوەبردنی ئێعدام هەتا کاتی گواستنەوەی تەرمی ئێعدامکراوەکان، کاریگەری زۆر نەرێنی و ڕووخێنەر لەسەر دەروونی ئەوان دادەنێت کە بە زۆر کراون بە شایەتی ئێعدامکردنەکان. چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوە کردووە کە سیاسییەکان بەر لە ئێعدام، مەرگ و نەمانی ئەو سیستەمە هاوار دەکەن،[1] بەڵام سەرەڕای ورەبەخشبوونی ئەو کارەیان، شایەتانی ئێعدامەکان بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەری ئەو چرکانەیان لەسەر دەبێت کە کەسێکی سیاسییان لەبەرچاوی هەڵواسیوە و هەموو پەلەقاژەکانی پێش ئێعدام دە زەینیاندا بە وێنە دەمێننەوە.
[1] ناصر، کتاب سمینار بینالمللی استکهلم، ١-٢ اکتبر ١٩٩٨، کانون زندانیان سیاسی ایران در تبعید.