ئێعدام تاقە ڕێگەی عادڵانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران
لێوردبوونەوە لە پرسی ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان بەبێ لێوردبوونەوە لە لێدوانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکەوتوو نابێت. هۆکاریش بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە بنەماکانی ئەو سیستەمە لەسەر وەشانێکی تایبەت لە دین بونیاتنراوە. بۆ وێنە سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەو حکومەتە ئایەی ٣٣ لە سووڕەی مائێدە وەک سەرچاوەی نەگۆڕ و بێئەملا و ئەولای عەداڵەت بۆ کوردە سیاسییەکان دەزانن، هەربۆیە ”مووسەوی تەبریزی” کە دادئەستێنی گشتی شۆڕشی ئیسلامی بوو لە دیمانەیەکدا گوتی:
«یەک لە حوکمەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەیە کە هەرکەس دژی ئەم سیستەمەی ئیمامی عادڵ بوەستێت، کوشتنی واجیبە و گەر بریندار بێت دەبێ زۆرتر بریندار بکرێت بۆئەوەی بکوژرێت. ئەمە حوکمی ئیسلامە و شتێک نییە کە تازە دامانتاشیبێت.»[1] ئەمە یەکلاکردنەوەی پرسی کورد لای ئەو سیستەمەیە و هیچ تۆلێرانسێک بۆ فکری جیاواز نییە و ئێعدام لای ئەوان عادڵانەترین حوکم بۆ کوردێکی سیاسی دەژمێردرێت.
[1] ڕۆژنامەی کەیهان، ٢٠ی ٩ی ١٩٨١ی زایینیی