پرسی ئێعدام، پرسی کوردە

‌ئێعدامی سیاسیی یەک لە برینە قووڵەکانی نەتەوەی کوردە کە وێڕای هەموو سترێس و تراومایەکی کە بۆ تاکی کوردی خوڵقاندووە، نەیتوانیوە شانازیی کوردبوون لە ئەندامانی ئەو نەتەوەیەوە بستێنێت. نامە و وەسیەتنامەکانی ئێعدامکراوانی کوردی سیاسیی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە سەرەڕای ئەوەیکە ئێعدامکراوانی سیاسیی کورد بڕوایەکی قووڵیان بە مافی ژیان هەبووە، بەڵام پەتی سێدارەیان وەک بەڵگەی بوونی خۆیان و ناسنامەی کوردبوونیان هەڵبژاردووە. هەر لەسەر ئەم هزر و بیرکردنەوەش بووە کە بۆ وێنە پێشەوای کوردەکان پرسی ئێعدامی خۆی بە هەموو نەتەوەی کورد گرێدابوو و گوتبووی کە داگیرکەران ناتوانن بە ئێعدامکردنی ئەو پرسی کورد ون بکەن.[1] هەر لەبەر ئەوەشە کە داگیرکەرانی کوردستان هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن کە لە ڕێگەی پاشگەزکردنی کوردانی سیاسیی، کاریگەری نەرێنی لەسەر کوردەکان دابنێن. ئامانجی ئەوان ئەوەیە کە پرسی کورد لە ڕێگەی کوردانی سیاسییەوە بێبایەخ بنوێنن، بەڵام دەو کارەدا سەرکەوتوو نەبوون.  بۆ وێنە شیرین عەلەم هولی لە دوایین نووسراوی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانییەوە داوای لێ کرابوو واز لە کوردبوونی خۆی بهێنێت، بەڵام ئەو گوتبووی کە ناتوانێت نکولی لە ناسنامەی خۆی بکات.[2]

سزای ئێعدام  کاردانەوەیەکی یەکجار ڕادیکاڵ و نامرۆڤانەی داگیرکەرانی کوردستان بەرانبەر بە پرسی سیاسی و شوناسی کوردەکانە. ئەو سزایە، لای کوردەکان نامۆ نییە و بەو شێوەیە نییە کە کوردێکی سیاسیی لە سەرەتای خەباتەوە بیری لێ نەکاتەوە. هەر کوردێکی سیاسیی ئەوە دەزانێت کە ئێعدام وەک کەرەستەیەکی سەرکوتکردن لە لایەن داگیرکەران بەکار دەهێندرێت، بەڵام بۆ وەدیهاتنی ئاواتی دێرینی کوردەکان ئەو ڕێگە مەترسیدار و دڵتەزێنە هەڵدەبژێرێت و خوازیارە بە ڕیسککردن لەسەر مافی ژیانی خۆی، درێژە بە خەباتێکی نەپساوانە و خوێناوی جیلەکانی ڕابوردووی خۆی بدات. دەکرێ ئاوا بێژین کە یەکەم هەنگاوی کوردێکی سیاسیی دە پڕاکتیک‌دا ئیگنۆرکردنی سزای ئێعدامە. بۆ وێنە ناسر خۆشکەلام کە نموونەیەک لەو کوردە سیاسییانەیە و لەسەر کوردبوون و پێداگریی لەسەر پرسی شوناس ئێعدامکرا، دە نامەیەکدا بۆ هاوسەرەکەی بەم شێوەیە باسی یەکەم هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ئێعدام کردبوو:

«له بیرم دێ له یه‌كه‌م ژوانمان‌دا باسی گرتن و كوشتن و ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ریمان ده‌كرد. ده‌ی ئه‌وه ئێستا كاتی تاقیكاریه. به هێز به. خۆت ڕاگره و مه‌هێڵه دوژمنان شادبن. من به بیر و بڕوایەكی كه به داهاتووی نیشتمان هه‌مه، سه‌ر ده‌نێمه سه‌ر خاك. كەوابوو مه‌هێڵه تۆزی غه‌م و په‌ژاره داتبگرێ، وایش نه‌بوایه من هه‌ر ده‌مردم.»[3]

گرنگی و بایەخی ئەڤین بە ئازادی لای خۆشکەلام ئەوەندە زۆر بوو کە لە یەکەم دیدار و ژوانی خۆی و حەزەکەیدا قسەی لەسەر کردبوو. بۆ هەر مرۆڤێک کە بە حاستەم لەگەڵ کولتوور و کۆمەڵگای کوردستان ئاشنا بێت، دەزانێت کە یەکەم ژوانی ئەڤیندارێک پڕە لە سترێسی ئەرێنی و نەرێنی. کۆمەڵێک حەز و مەیلیش کاریگەری تایبەتییان لەسەر چرکەکانی یەکەم ژوانی ئەڤیندار دەبێت، بەڵام دەبینین کە خۆشکەلامی ئازادیخواز بەشێک لە چرکەکانی یەکەم ژوانی خۆی بە پرسی کورد و ئەگەری ئێعدامکردنی خۆی لە لایەن داگیرکەرانی ئێرانی تەرخان کردبوو.

هەموو ئەو نامە و وەسیەتنامانەی کە لە کوردە سیاسییە ئێعدامکراوەکان جێماوە، باس لە ورەی بەرزی ئەوان بەر لە ئێعدامکردنیان دەکات. دلێربوونی ئەوان گرێدراو بە ناوچەیەکی تایبەتی کوردستان، زەمەنێکی تایبەت یان ڕەگەزێکی تایبەت نییە. ڕەنگە کوردەکان زۆرتر زانیارییان لەسەر هەڵوێست و دلێربوونی قازی موحەممەد و باقی شەهیدانی کۆماری کوردستان هەبێت، بەڵام چاوخشاندنێک بەسەر دەربڕین و هەڵوێستی ئێعدامکراوەکانی کوردی سیاسیی دە زەمەن و شوێنی دیکەی کوردستان‌دا  باس لە هەمان هزر و ڕوانین دەکەن کە داگیرکەرانی کوردستانی تووشی هیستێریا کردووە. بە پێی سەرچاوە فارسییەکان، زێنەب جەلالیان کە لە یایانی هێژای خەباتکاری کوردەکان دەژمێردرێت، پاش ئەوە کە دە سەرەتادا بە حوکمی ئێعدام سزا درا، دە بەرانبەر حوکمی دادگای ئێران‌دا دلێرانە دەنگی هەڵبڕی و گوتی:

«من لە مردن ناترسێم، من پێشمەرگەی ئازادیم.»[4]

بە چاوخشاندنێک بەسەر دوایین گوتەی ئێعدامکراوانی کوردی سیاسیی‌دا دەبینرێت کە هەموویان چوارچێوەیەکی ئەخلاقی بۆ درێژەپێدان بە خەبات بۆ ئازادیی وێنا دەکەن و لەسەر درێژەپێدان بە ڕێبازێکی ئازادیخوازانە پێداگری دەکەن. ئاستی ورە و دلێربوونی ئێعدامکراوانی سیاسیی کورد  دە لوتکەدا دەبینرێت چون هەموویان لەسەر ڕەوابوونی فکر و هەڵوێستی خۆیان پێداگر بوون. دە گوێی کوردەکاندا هەرکات دەنگی فەرزاد کەمانگەر دەزرینگێتەوە کە گوتی: «بەهێز بە هاوڕێم.»[5] هیستێریای کۆماری ئیسلامیی ئێران دە کاتێکدا بە زەقیی دەبینرێت کە پاش بەکارهێنانی زۆر مێتۆدی نامرۆڤانەی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕەوانی نەیانتوانی فەرزاد کەمانگەر لە کوردبوون پاشگەز بکەنەوە.[6] هەربۆیە دروستە کە ئاوا بیر بکرێتەوە کە نووسین لەسەر ئێعدامی کوردە سیاسییەکان تەنیا بە مەبەستی یادکردنەوەی ئەوان نییە، بەڵکوو بردنی ئەو باسە بۆسەر هێڵی ڕاستەقینەی پرسێکە کە پێوەندی بە ئازادی یەک نەتەوەی ژێردەستەوە هەیە. پرسی ئێعدام، پرسی کوردە.

 

سەرچاوە:


[1]  دەقی وەسیەتنامەی قازی موحەممەد دەتوانن لە ماڵپەڕی کورد دا بخوێننەوە. بڕوانە بەستەری ژێرەوە:

http://kurd.no

[2]  بەشی کوردی ماڵپەڕی فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان، من بارمتەم؛ نامەی شیرین عەلەم هولی، ڕێکەوتی ٣ی ٥ی ٢٠١٠ی زایینیی

[3]  کوردیپێدیا، دوایین نامەی شەهید ناسر خۆشکەلام لە ژووری سێدارە بۆ دەستگیرانەکەی، بڕوانە بەستەری ژێرەوە

https://www.kurdipedia.org/?lng=1&q=2012022119095064288

[4]  بالاترین، زينب جلاليان، زندانی محکوم به اعدام: من از مرگ نمی‌ترسم، من پیشمرگ آزادی ام.

https://www.balatarin.com/permlink/2012/3/17/2968266

[5]  خبرگزاری هرانا، قوی باش رفیق؛ صدای منتشر نشدەای از فرزاد کمانگر

https://www.youtube.com/watch?v=YTyZ4NhAYZc

[6] بۆ زانیاری ورد لەسەر جۆری ئەشکەنجەکان بڕوانە: ڕەنجنامەی فەرزاد کەمانگەر

https://executionofkurds.files.wordpress.com/2018/01/rencname.pdf

ئێعدام دە نێوان «کۆنوانسیۆنی مافەکانی مەدەنی و سیاسی» و چەواشەکاری‌دا

پەروەندەی کوردە سیاسییەکان دە سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا ڕادەستی دادگای گشتی ناکرێت. ئەو جۆرە کەیسانە لە لایەن «دادگای شۆڕش» حوکم دەدرێن. بە گشتی ئەو کەیسانەی کە ڕادەستی دادگای شۆڕش دەکرێن بریتین لە:

  • هەموو ئەو تاوانانەی کە دژ بە ئاسایشی نەتەوەیین و یان مۆحاڕێبە و فەسادی سەر زەوی دەژمێردرێن.
  • ئیهانەکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران (خۆمەینی) و ڕێبەڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
  • خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان چەککێشان دژی حکومەت و یان خاپوورکردنی دەزگاکانی حکومەتی بە مەبەستی دژایەتیکردنی حکومەت.
  • سیخوڕیکردن بۆ بێگانە.
  • هەموو تاوانەکانی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان و قاچاغ.
  • ئەو تاوانانەی کە دە ئەسڵی چل و نۆی دەستووری بنەڕەتیدا دەستنیشانکراون.[1]

یەک لە خاڵە گرنگەکانی پێوەندیدار بە پرسی ئێعدام دە کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا ئەوەیە کە هەرکات بۆ وێنە دادگای شۆڕش حوکمی ئێعدام بۆ کوردێکی سیاسیی ببڕێتەوە، ئەو حوکمە شەڕعییەتی بەڕێوەبردنی نییە و پێویستە بۆ دروستبوون یان نادروستبوونی حوکم، پەروەندەی کوردە سیاسییەکە ڕادەستی دیوانی باڵای وڵات یان دادئەستێنی گشتی وڵات بکرێت.[2]

یەک لە تایبەتمەندییەکانی دادگای شۆڕش‌یش ئەوەیە کە تەنیا یەک دادوەری هەیە و گەر دادوەر حوکمی ئێعدام بۆ کوردێکی سیاسی ببڕێتەوە، پەروەندە و حوکمەکەی دەبێ بۆ دیوانی باڵای وڵات یان دادئەستێنی گشتی وڵات بنێردرێت و گەر حوکمەکە لە لایەن یەک لەو دوو پێگەیە پشتڕاست بکرێت، ئێعدام بەڕێوەدەچێت.[3] خاڵێکی دیکەش کە دەبێ فۆکووسی لەسەر بکرێت ئەوەیە کە کوردەکان دە دادگاکانی شۆڕشدا لەسەر تاوانی مۆحاڕێبە دادگایی دەکرێن. پێشتر لەمبارەوە نووسیومە کە پۆلێنبەندیکردنی فکری سیاسی کوردەکان بە مۆحاڕێبە بە مەبەستی چەواشەکردنی پرسی سیاسی کوردەکان ئەنجام دەدرێت. دێرەدا لەسەر یەک لە هۆکارەکانی ئەو چەواشەکارییەی سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێت.

خاڵی سەرنجڕاکێش دە مێژووی سیاسی نێوان کوردەکان و کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا ئەوەیە کە شەڕ لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەسەر کوردەکان‌دا سەپا.[4] کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ ڕێگەیەکی بۆ دیالۆگ و چارەسەری دیپڵۆماتیک لەمەڕ پرسی کورد لەگەڵ نوێنەرانی ڕاستەقینەی کوردەکان نەهێشتەوە. خۆمەینی کە ڕێبەڕی ئێرانییەکان بوو، لە ڕێگەی ناقانوونیناساندنی حیزبەکانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەموو ئەو مافە ئێتنیکییانەی کوردەکانی کرد کە دە دەستووری بنەڕەتی‌دا پێشێلکرابوون.

دە قانوونی ئەو سیستەمەدا سزای خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان چەککێشان دژی حکومەت، ئێعدامە، بەڵام دە گەڵاڵەکردنی ئەم دەقە لە قانووندا سانسۆڕێکی سیستەماتیکی مێژوو و پرسی کورد کراوە. هەموو ڕاگەیاندن و لێدوانە فەرمییەکانی نوێنەرانی ئێران و کوردەکان لە سەردەمی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران دەبەردەستدا هەن. کوردەکان بە بەردەوامی وەک سیاسەتی سەرەکی خۆیان دیالۆگیان هەڵبژارد و باوەشیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕێگەی دیالۆگەوە بوو. تەنانەت پاش سەپاندنی شەڕ لە سنە هێشتا کوردەکان باوەشیان بۆ دیالۆگ ئاوەڵا بوو. سەپاندنی شەڕی نەغەدە و بەڕێوەبردنی کوشتاری زۆر هەژێنەر (بۆ وێنە کۆمەڵکوژی قاڕنێ) لە لایەن نزیکانی خۆمەینی‌یەوە ڕێگە بۆ هیچ دیالۆگێک ناهێڵێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەم هەمووە جەنایەت دژی مرۆڤایەتییە، دیسان کوردەکان تۆلێرانسی باڵای خۆیان نیشاندا و بە هیوای «دامەزرانی کۆمەڵگایەکی پڕ لە ئاشتی و عەداڵەت» و «پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ» ئامادەبوون لە پشت میزی دیالۆگ لەگەڵ نوێنەرانی تاران دابنیشنەوە. جیا لەوە کە کەش و هەوای ستانداردی دیالۆگ لە لایەن ڕادیکاڵەکانی تارانەوە بە بەردەوامی خەوشەدار دەکرا، هەگبەی نوێنەرانی تاران دە کاتی دیالۆگیشدا شتێکی ئەوتۆی بۆ کوردەکان پێ نەبوو. نوێنەرانێک کە لە تاران ڕا بۆ دیالۆگ دەنێردران، تەنانەت مافی ئەوەیان نەبوو کە کاخەزێک واژۆ بکەن و ئەو ئێعتبار و کرێدیتەیان نەبوو کە گەر لەسەر کۆمەڵێک خاڵ لەگەڵ کوردەکان ساغ ببنەوە، هەرلەوێ گەڵاڵە و واژۆی بکەن و وەک پەیمانێکی سازان لەگەڵ نوێنەرانی کورد بژمێردرێت کە هەر دووک لایەن پێی پابەند بن. دە هیچکام لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی ئەوکاتدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە نوێنەرانی تاران دە کوردستان‌دا ئەو پێگەیەیان پێ درابێت کە مافی بڕیاڕدانیان هەبووبێت. خۆمەینی کە ڕێبەڕی تارانی بە دەستەوە بوو، چاوەڕێی ئەوە بوو نوێنەرانی کورد ملکەچی ئەو دەستوورە بنەڕەتییە بن کە دانی بە هەموو مافە ئێتنیکییەکانی کورد بە پێی ئەو کۆنوانسیۆنانەدا نەدەهێنا کە ئێران لای ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆیکردوون. دە کۆتاییشدا هەر خۆمەینی بوو کە بۆ هەتاهەتایە ڕێگەی دیالۆگی لە کوردەکان بەست و جیا لەوە کە حیزبە کوردییەکانی بە ناقانوونی ناساند، شەڕی دژی کوردەکان ڕاگەیاند.

لێوردبوونەوە لە کۆنوانسیۆنێک دێرەدا لەم چەند ڕوویەوە پێویستە:

  • یەکەم: لەیەکگرێدراوبوونی پرسەکانی ئێعدام و مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان.
  • دووهەم: چەواشەکاری سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ پۆلێنبەندیکردنی خەباتی کوردەکان.

یەکەم: لەیەکگرێدراوبوونی پرسەکانی ئێعدام و مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان:

بۆ ئەوە کە لە لەیەکگرێداربوونی پرسەکانی ئێعدام و مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان دڵنیا بین، پێویستە کە سەرنج بە «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» بدرێت کە ئێران یەک لە واژۆکەرانی ئەو پەیمانە نێونەتەوەییە.

ئەو کۆنوانسیۆنە دە ڕێکەوتی ٤ی ٤ی ١٩٦٨ی زایینیی‌دا (١٥ی ١ی ١٣٤٧ی کۆچی هەتاوی) لە لایەن نوێنەری ئێران لای ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند و واژۆ کرا. دواتر دە ڕێکەوتی ١٤ی ١١ی ١٩٧٢ی زایینی‌دا (٢٣ی ٨ی ١٣٥١ی کۆچی هەتاوی) لای «مەجلیسی شۆڕای نەتەوەیی» ئێران پەسەند کرا و دواتریش دە ڕێکەوتی ٧ی ٥ی ١٩٧٥ی زایینی‌دا (١٧ی ٢ی ١٣٥٤ی کۆچی هەتاوی) لە لایەن «مەجلیسی سەنا»ی ئێران پەسەندکرا.[5]

گرنگی ئەم کۆنوانسیۆنە لەبەر ئەوەیە کە فۆکووسی لەسەر پرسەکانی ئێعدام و مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان کردووە.

دەو کۆنوانسیۆنەدا دە بەشی یەکەم، ئاڕتیکلی یەکەم، مادەی یەکەم بەم شێوەیە ئاماژە بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان کراوە: «تەواوی گەلان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە. بە پێی ئەو مافە، ئەوان بۆخۆیان ئازادانە بڕیاردەری ستاتووسی سیاسی خۆیانن و خۆیان ئازادانە پەرەسەندنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری خۆیان دابین دەکەن.»[6]

پاش ڕووخانی حکومەتی پەهلەوی دە ساڵی ١٩٧٩ی زایینیدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەو کۆنوانسیۆنانەی وەک پەیماننامەگەلێکی پەسەند قبووڵ بووە و گۆڕانێک لە باری ڕوانین دە ئارادا نەبووە. ماڵپەڕی فەرمی «مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی» کۆماری ئیسلامیی ئێران‌ دەقی فارسی ئەو کۆنوانسیۆنەی وەک بەڵگەیەکی پەسەند بە شێوەی فیزیکی و ئەلێکتڕۆنی بەچاپگەیاندووەتەوە.[7]

دە بەشێکی دیکە لەم کۆنوانسیۆنەدا ئاماژە بە مافی ژیان کراوە کە دە شەش خاڵدا گەڵاڵەکراوە. دە خاڵی یەکەمدا سەبارەت مافی ژیانی هاتووە کە هەر مرۆڤێک دە بنەڕەتدا مافی ژیانکردنی هەیە و ئەم مافەی دەبێ لە لایەن قانوونەوە بپارێزرێت و نابێ هیچ مرۆڤێک بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەو مافە بێبەرکرێت.[8]

دە خاڵی دووهەمدا ئاماژە کراوە کە هەر وڵاتێک سزای ئێعدام بەکار دەهێنێت، جیا لەوە کە حوکمی ئێعدام لای ئەوانیش بە ناڕەوا دەزانرێت، حوکمی ئێعدامکردنەکە نابێ دژایەتی لەگەڵ «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» و «کۆنوانسیۆنی به‌رگرتن و سزادانی جەنایەتی ژێنۆساید» هەبێت.[9]

دە خاڵەکانی دواییشدا فۆکووس لەسەر پرسی ئێعدام کراوە. مەبەست ئەوەیە کە دە هەمان کۆنوانسیۆندا کە وەک پەیمانێکی نێونەتەوەیی لە نێوان ئەندامانی ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ مافەکانی مەدەنی و سیاسی واژۆکراوە، ئاماژە بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان و پرسی ئێعدام کراوە. کارناسان، سیاسەتوانان و مافناسانی داڕێژەڕی دەقەکانی ئەو کۆنوانسیۆنە بە تێبینییەوە ئەم دوو پرسەیان لەگەڵ یەک دە کۆنوانسیۆنێکدا هێناوە، چون شیمانەی ئەوەیان دەکرد کە لەوانەیە بە تاوانی چالاکی سیاسی بۆ وەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس، حوکمی ئێعدام بەسەر چالاکێکی سیاسی‌دا بسەپێنن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەم ڕێگەی دیالۆگی لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژهەڵات بەست و هاوکات شەڕی بەسەر کوردەکان‌دا سەپاند، نادروستە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک واژۆکەرێکی ئەو کۆنوانسیۆنە، کوردێکی سیاسیی بە تاوانی کوردبوون و خوازیاربوونی بەفەرمیناساندنی مافە ئێتنیکییەکانی کورد ئێعدام بکات، چون دە سەرەتای ئەو کۆنوانسیۆنەدا ڕێز لە ئەو مافە ئێتنیکییانە بۆ کوردەکان دە چوارچێوەی مافی دیاریکردنی چارەنووس گیراوە. مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان و پرسی ئێعدام پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە یەکەوە هەیە و هەربۆیە دە یەک پەیماننامەی نێونەتەوەییدا لەژێر ناوی «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» گەڵاڵە کراون.

دووهەم: چەواشەکاری سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ پۆلێنبەندیکردنی خەباتی کوردەکان:

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە تۆلێرانسی بۆ بوونی فکرێکی مافخوازانە دە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا نییە، ماشێنی ئێعدامکردنی هەردەم بە خوێنی کوردە سیسییەکان سوور بووە و بۆ ئەوەی ئێعدامی کوردەکان وەک پرسێک دە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا زەق نەبێتەوە، دە پۆلێنبەندیکردنی تاواندا چەواشەکاری دەکات. بۆ گەییشتن بە ئامانجیش لە دین وەک کەرەستەیەک کەڵک وەردەگرێت و چەواشەکارییەکەی پێ سەرپۆش دەکات.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێی «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» ئەرکی ڕێزگرتن لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکانی هەیە و هاوکات مافی ئەوەی نییە کوردەکان بە تاوانی بوونی فکرێکی سیاسیی ئێعدام بکات. کوردە سیاسییەکان لەسەر فکرێک ئێعدام کراون کە بریتی بووە لە مافە ئێتنیکییەکانی کورد کە زۆرینەی دە چوارچێوەی مافی دیاریکردنی چارەنووسدا مسەوگەر دەبن. واتە گەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان بە فەرمی ناسێندرابا، بەشێکی بەرچاو لە ئێعدامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویاننەدەدا. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی کە بە دەستێکی ئاوەڵاوە کوردە سیاسییەکان ئێعدام بکات و کێشەیەکی لە ئاست واژۆکردنی «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» بۆ نەیەتە پێش، تاوانی کوردە سیاسییەکان بە مۆحاڕێبە پۆلێنبەندی دەکات. ئەو سیستەمە لە ڕێگەی پۆلێنبەندیکردنی خەباتی کوردەکان بە «شەڕ لە بەرانبەر خودا» و «فەساد لەسەر زەوی» چەواشەکاری خۆی ئەنجام دەدات و کڵاوێکی شەڕعی بۆ بەڕێوەبردنی قینی تایبەتی خۆی بەرانبەر کوردە سیاسییەکان دەکار دەگرێت بۆئەوەی دە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا و بە تایبەتی لای ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان پرسی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان زەق نەبێتەوە.

چەواشەکاری فارسەکان دە وەرگێڕانی دەقەکانی کۆنوانسیۆن‌دا

بۆ من کە پتر لە دە ساڵە لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسە تڕاژیکەکانی کوردەکان و «چەند گرووپێکی ئێتنیکی دیکە دە پێوەندی بە پرسی کورددا» دەکەم، زۆرجار وەبەرچاوم کەوتووە کە دەقی جۆراوجۆر کە بە حاستەم قازانجی کوردەکانی تێدا بووە، لای فارسەکان دە کاتی وەرگێڕاندا چەواشە کراوە. ئەوەی کە تا بە ئێستا بینیومە، سەلمێنەری ئەم کارەساتەیە کە قەڵەمبەدەستانی فارس لە پێنووسی خۆیان وەکی پاسدارێکی مناڵکوژ کەڵکی نادروستیان وەرگرتووە. ئەوان بە ئانقەست لە ڕێگەی وەرگێڕانێکی نادروست، سیلەیان لە بەرژەوەندییەکانی گەلانی غەیری فارس گرتووە. نموونە بۆ سەلماندنی چەواشەکاری فارسەکان لەمبارەوە یەکجار زۆرە، بەڵام بۆئەوە لە باسەکە دوور نەکەوین، دێرەدا قامک لەسەر نموونەیەک لەو چەواشەکارییانە دادەنێم کە دە وەرگێڕانی «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی» بە شێوەیەکی مەبەستدار ئەنجامدراوە.

بۆ هەر مرۆڤێک کە ئاشنایی لەگەڵ زمانەکانی ئینگلیسی و فارسی هەبێت، دەزانێت کە بۆ ”نەیشن” دە زمانی ئینگلیسیدا چ وشەیەک دە زمانی فارسیدا دروستە و دەزانێت کە بۆ ”پیپڵ” دە زمانی ئینگلیسیدا چ وشەیەک دە زمانی فارسیدا هەیە.

دە بەشی یەکەم، ئاڕتیکلی یەکەم، مادەی یەکەم، ڕستەی یەکەم لە «کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لەسەر مافەکانی مەدەنی و سیاسی»دا نووسراوە کە «تەواوی گەلان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە.»

دەقی ماک لای ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەم شێوەیەی ژێرەوەیە:

All peoples have the right of self-determination.[10]

دەقی وەرگێڕانی فارسی بەم شێوەی ژێرەوەیە:

«کلیه ملل دارای حق خود مختاری هستند.»[11]

فارسەکان دەو شوێنەدا کە ئاماژە بە مافی دیاریکردنی چارەنووس کراوە، مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلانیان بە خودموختاری نەتەوەکان تۆمارکردووە. هەموو شارەزایەک ئاگادارە کە فارسەکان زۆر بە تێبینییەوە لە تێڕمە سیاسییەکان کەڵک وەردەگرن. فارسەکان سەرەڕای ئەوە کە کوردەکان، عەڕەبەکان، ترکەکان، بەلووچەکان و ترکەمەنەکانی نێو ئێران خۆیان پێ نەتەوەیەکی جیاواز لەچاو فارسەکانە، هەرکات لەسەر پۆلێنبەندیکردنی ئەوان بە قەوم پێداگرییان کردووە و نەتەوەیەک بەو ناوانە جگە لە نەتەوەی ئێران بە دروست نازانن، بەڵام بۆئەوە کە ئەو جۆرە کۆنوانسیۆنانە دە نێوخۆدا کێشەیەکیان بۆ سازنەکات، دە وەرگێڕانی دەقەکاندا دەستکاری پێویست دەکەن. کە سەرنجی دەقە فارسییەکە بدەین، نالۆژیکبوون و نادروستبوونی دەق زەق و بەرچاوە، چون «مافی خودموختاری نەتەوەکان» واتایەک نابەخشێت. یانی چی « کلیه ملل دارای حق خود مختاری هستند.»؟

نەتەوەکان بە پێی ئەو پێناسەیەی کە لای زۆربەی کۆمەڵگاکان و خودی ئێرانییەکان کراوە، خاوەنی سەربەخۆیین. چۆن دەکرێ دە گەڵاڵەکردنی دەقێکدا ئەمەندە نائاگا بن کە خودموختاری وەک مافی ڕەوای نەتەوە سەربەخۆکان بناسن.

گزەکردن و چەواشەکاری فارسەکان هەر لەم یەک ڕستەیەدا، لە شوێنێکی دیکەش ئەنجامدراوە. سەرنج بدەن کە دە دەقی ئینگلیسیدا باس لە مافی بڕیار لەسەر چارەنووس کراوە، بەڵام فارسەکان بە خودموختاری وەریانگێڕاوە. دێرەدا پێویست ناکات کە زۆر ڕوونکردنەوە لەمبارە بکرێت، چون هەڵەبوونی وەرگێڕانەکە و چەواشەکاربوونی فارسەکان دە وەرگێڕاندا زەق و بەرچاوە.

شارەزایان دەزانن کە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان دەکرێت بە شێوەی جۆراوجۆر لە لایەن گەلانەوە گەڵاڵە بکرێت کە خودموختاری یەک لەوانە. گەلێک دەتوانێت پاشەڕۆژ و چارەنووسی خۆی بە شێوەی سەربەخۆیی گەڵاڵە بکات، بەڵام فارسەکان دە وەرگێڕانی دەقی کۆنوانسیۆن بۆ سەر زمانی فارسی چەواشەکارییان دە ئەم بەشەشدا کردووە.

فارسەکان دە وەرگێڕانەکەدا سنووری ئەخلاق و حوڕمەتی نێونەتەوەیی و مافی هەموو گەلانی ژێردەستی خۆیان خەوشەدارکردووە. بۆ ئەوان تۆلێرانسێک بۆ ئەوە نییە کە هەر گەلێک لەسەر پاشەڕۆژ و ستاتووسی سیاسی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی خۆی بڕیار بدات و بۆئەوە کە لەمبارەوە کێشەیەکی زۆرتریان دە نێوخۆدا بۆ سازنەبێت، دە وەرگێڕانی دەقی کۆنوانسیۆندا بە ئانقەست ئەم چەواشەکاریانە ئەنجام دەدەن.[12]

سەرچاوە و ژێدەر:

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

[1]  بڕوانە مادەی پێنجەم دە قانوونی پێکهێنانی دادگای گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی کە دە ڕێکەوتی ٦ی ٧ی ١٩٩٤ی زایینی پێداچوونەوە و نوێ کرا. بە هەمان شێوە بڕوانە ئەم سەرچاوەی ژێرەوە:

بهمن کشاورز، برای «اعدام» رأی چند قاضی لازم است؟، ماهنامه قضاوت آذر و دی 1386 شماره 48، ص ٤٤

تێبینی: ئەم قانوونانە دە ڕێکەوتی ٢٠ی ١٠ی ٢٠٠٢ی زایینی‌دا سەرلەنوێ پێداچوونەوە کران، بەڵام ئەم بەشە کە دێرەدا هاتووە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهات.

[2]  بهمن کشاورز، برای «اعدام» رأی چند قاضی لازم است؟، ماهنامه قضاوت آذر و دی 1386 شماره 48، ص ٤٣

[3]  هەمان سەرچاوەی پێشوو

[4]  دە پەرتووکێکدا کە بە زمانی نەروێژی لەسەر کوشتاری خەڵکی سیڤیلی قاڕنێ نووسیومە، بە وردی وەنێو ئەم باسە بە شێوەیەکی کڕۆنیکل کەوتووم.

[5]  بڕوانە پێشەکی «قانون اجازه الحاق دولت شاهنشاهی ایران به میثاق بین المللی حقوق مدنی و سیاسی» کە لە لایەن ”ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی” کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوبووەتەوە.

[6]  لە دوو سەرچاوەی ماک بە زمانەکانی نەروێژی و ئینگلیسی کەڵک وەرگیراوە. بڕوانە:

  • FN-SAMBANDET (The United Nations Association of Norway (UNA Norway), Internasjonal konvensjon om sivile og politiske rettigheter, Del 1, Art 1., 1.
  • United Nations High Commissioner for Human Rights (OHCHR), International Covenant on Civil and Political Rights (Adopted and opened for signature, ratification and accession by General Assembly resolution 2200A (XXI) of 16 December 1966 entry into force 23 March 1976, in accordance with Article 49): PART I, Article 1, 1.

[7]  مجلس شورای اسلامی؛ مرکز پژوهش‌ها، قانون اجازه الحاق دولت شاهنشاهی ایران به میثاق بین المللی حقوق مدنی و سیاسی، پروندە شمارە ٢٥٦٤، چاپ شمارە ٦، جلد شمارە ١٦

تێبینی: پاش ڕووخانی سیستەمی پەهلەوی، هیچ مەرجێک و تێبینییەک لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بەم کۆنوانسیۆنە ئاراستەی ڕێکخڕاوی نەتەوە یەکگرتووەکان نەکراوە و وەک سیستەمی پەهلەوی ئەو پەیماننامەیان بەبێ مەرج پەژراندووە.

[8]  سەرچاوە نەروێژی و ئینگلیسییەکەی ئەم بەشە لە کۆنوانسیۆن:

  • FN-SAMBANDET (The United Nations Association of Norway (UNA Norway), Internasjonal konvensjon om sivile og politiske rettigheter, Del 3, Art 6, 1.
  • United Nations High Commissioner for Human Rights (OHCHR), International Covenant on Civil and Political Rights (Adopted and opened for signature, ratification and accession by General Assembly resolution 2200A (XXI) of 16 December 1966 entry into force 23 March 1976, in accordance with Article 49): PART III, Article 6, 1.

[9]  بڕوانە خاڵی دووهەم دە هەمان سەرچاوەی پێشوودا.

بۆ خوێندنەوەی «کۆنوانسیۆنی به‌رگرتن و سزادانی جەنایەتی ژێنۆساید» بڕوانە ئەم سەرچاوەی ژێرەوە:

کۆنوانسیۆنی به‌رگرتن و سزادانی جەنایەتی ژێنۆساید، وەرگێڕانی سۆران کەرباسیان، ئۆسڵۆ ٢٠١٤

لەم بەستەرەی ژێرەوەدا دەتوانن بیخوێننەوە:

https://harikar.wordpress.com/2014/09/10/convention

[10]  United Nations High Commissioner for Human Rights (OHCHR), International Covenant on Civil and Political Rights (Adopted and opened for signature, ratification and accession by General Assembly resolution 2200A (XXI) of 16 December 1966 entry into force 23 March 1976, in accordance with Article 49): PART I, Article 1, 1.

[11]  مجلس شورای اسلامی؛ مرکز پژوهش‌ها، قانون اجازه الحاق دولت شاهنشاهی ایران به میثاق بین المللی حقوق مدنی و سیاسی، پروندە شمارە ٢٥٦٤، چاپ شمارە ٦، جلد شمارە ١٦

[12]  پێویستە ئەمەش بگوترێت کە دێرەدا بە پێی ئەو کە پارڵەمانەکانی دوو سیستەمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی ئێران کە نوێنەرایەتی فارسەکانیان کردووە، دە نووسیندا لە ناوی فارس کەڵک وەرگیراوە. ئەم کۆنوانسیۆنە لە لایەن نوێنەرانی فارسەکان بەو شێوە چەواشەکارانە وەرگێڕدراوە سەر زمانی فارسی و دواتر کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتووەتە سەر دەستهەڵات، هیچ گۆڕانێکی بەسەر دەقەکاندا نەهێناوە و وەرگێڕانی سەردەمی پەهلەوی بە دروست ناساندووە. ئەو پارڵەمانانە نوێنەرایەتی فارسەکانیان کردووە و هەربۆیە ئاساییە کە بێژین فارسەکان دە وەرگێڕانی دەقی کۆنوانسیۆندا ئەمانەتی پێویستیان نەپاراستووە و بە شێوەیەکی نامرۆڤی دژ بە بەرژەوەندییەکانی گەلان سنووری ئەخلاقیان بەزاندووە و چەواشەکارییان دە وەرگێڕانی دەق بۆ سەر زمانی فارسی ئەنجامداوە.

وێناکردنی پێرسپێکتیڤێکی دیکەی ئێعدام لە ڕێگەی هونەرەوە


داوای کێشانەوەی نەقاشییەکم لە هونەرمەند کاک دیاکۆ کرد. بەختەوەرانە ئەوەی دە زەینی مندا هەبوو، هێنایە سەر کاخەز و بە جوانی کێشایەوە. مەبەست ئەم وێنەیە کە لە ژێرەوە دانراوە.

aviary-image-1491823256336

By Diyako 

لەم پێرسپێکتیوەوە ئێعدامی کوردە سیاسییەکان یەکجار تاڵ و هەژێنەرە. کوردەکان دە سنووری داسەپاوی ئێران‌دا هەرکات بە شێوەیەکی سیستەماتیک قوربانی سیاسەتی ڕەگەزپەرەستانە بوون. سیاسەتێک کە لە سەدەی ڕابوردوودا بە دژی کوردەکان بەڕێوەچووە، ئامانجی جۆراوجۆری لە پشت بووە کە دواکەوتووڕاگرتنی کۆمەڵگای کوردستان یەک لەوانە. سەرنجدان بە جۆری سەرمایەگوزاری و دابەشکردنی نایەکسانی بودجەی ناوچە جۆراوجۆرەکان بە ڕوونی سەلمێنەری ناعەداڵەتییەکە کە لە لایەن دوو دەورەی پەهلەوی و دواتر لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەڕێوەچووە.

سەرچاوە و ماتریالە خۆماڵییەکانیش بە هەمان شێوە ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە کە هۆکاری پەرەنەسەندنی کوردستان لەچاو ناوچە فارسییەکان بۆ وێنە بۆ ئەم ناعەداڵەتییە دەگەڕێتەوە. واتە ئەو بایەخەی کە بە پەرەسەندنی ناوچە فارسییەکان دراوە، بە ناوچە کوردستانییەکان نەدراوە و ئەمەش پێوەندی بە دەوڵەتێک و کابینەیەکی تایبەت و دەستنیشانکراو نییە، بەڵکوو هەموو دەوڵەت و کابینەکان دەگرێتەوە. بۆ هەر کەسێک کە ئاگا بە مێژووی کردنەوەی مەدرەسە، دەبیرستان و زانکۆ و بیمارستان و هتد دە ناوچە کوردستانییەکان‌دا بێت، ئەمە ڕوونە کە حکومەتی ناوەندی تاران هەرکات بە ئانقەست پێشی بە پێشکەوتنی ئەو ناوچانە گرتووە کە کوردستانین.

ئاساییە کە دۆخێکی ئاوا ناستاندارد کاریگەری زۆر بەرچاو لەسەر تاک و کۆمەڵگا دادەنێت. بۆ وێنە چەندە بواری ئەوە هەیە کە گەنجە کوردەکان بە شێوەیەکی دروست و لۆژیک بیر لە فاکتەرە بەهادارەکانی شوناسی نەتەوەیی خۆیان بکەنەوە؟ کاتێک کە ئەو حکومەتانە تەنانەت ڕێگەی فێربوونی زمانی کوردی و فێربوون بە زمانی کوردییان نەداوە، ئەوەی لێ دەکەوێتەوە کە دەبینرێت زۆربەی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناتوانن بۆ کار و باری ئاسایی خۆیان و بۆ دەربڕینی تەنانەت هەستی خۆیان لە زمانی دایکی خۆیان بە دروستی کەڵک وەرگرن. کوردەکان لە ڕێگەی ئەو پلانە ڕەگەزپەرەستانەی دەستهەڵاتی حاکمەوە لە یەک پڕش و بڵاو کراون. ناتوانن بە دروستی بیر بکەنەوە و ڕێگەی بیرکردنەوە بە زمانی دایکی خۆیان لێ بەرتەسک کردوون. کوردەکان بە مافەکانی خۆیان شارەزا نین. لە پەنای ئەمانە کوشتاری ڕووح کراون و بە بەردەوامی لەگەڵ ناعەداڵەتی بەرەوڕوو بوونەوە. دە کۆمەڵگایەکی ئاوا دا  کە بە شێوەی جۆراوجۆر خەوشەدار کراوە و تەنانەت هێرش بۆ سەر وێنە و کەرامەتی ئێتنیکیان بە بەردەوامی کراوە، زۆر بە دەگمەن هەڵدەکەوێت کە ئێلیتەکانی ئەو کۆمەڵگایە بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو و ئاسایی بگەن. هەڵسەنگاندنێکی سەرپێیی لە نێوان کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتی نەروێژ (بۆ وێنە) ئەمە دەسەلمێنێت کە بۆ وێنە لای نەروێژییەکان ساڵانە بە لانی کەمەوە چەند قاسملوو و قازی موحەممەدیان پێ دەگات، بەڵام قەرەبوونەکردنی کەسێکی وەک پێشەوای کوردستان بە ڕادەیەک بەرچاو بوو کە کاریگەری تەنانەت لەسەر بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردەکان دە هەموو پارچەکانی کوردستان‌دا نا. بەهۆی ئەو بەسەرهاتە تاڵەی کوردەکانی ڕۆژهەڵات کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک کراون بە قوربانی سیاسەتێکی ڕەگەزپەرەستانە، پەرەسەندن دە کوردستان‌دا لە زۆربەی بارەکانەوە زۆر بە کەمی ڕوویداوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە تاڵەش بووە کە بۆ وێنە دوکتوور قاسملوو لە پەسنی پێشەوادا نووسی: پێشەوا گوڵێک بوو لە بیابان‌دا ڕوا.

ئەم بیرۆکەیە کە ئاراستەی هونەرمەند کاک دیاکۆ کرا سەرچاوە لەم ڕاستییە تاڵە وەردەگرێت. من لەسەر ئەم بڕوایەم کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک باغێک دەچێت کە ناهێڵن خاکە بەپیتەکەی ئاو و خۆری پێویستی پێ بگات و هەربۆیە بەرهەمهاتن دەو باغەدا زۆر بە دەگمەن هەڵدەکەوێت. من بەم شێوەیە سەیری ئێعدامکراوانی سیاسی کورد دەکەم کە هەرکات باغەکەی گوڵ دەکات، گوڵەکانی هەڵدەپاچن. ئێعدامی کوردە سیاسییەکان، ئێعدامی ئێلیتە بەغیرەتەکانی کوردستانە. ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان، درێژەی ئەو سیاسەتە ڕەگەزپەرەستانەیە کە نزیکەی سەدەیەکە بە دژی کوردەکان لە لایەن دەستهەڵاتی تارانەوە بەڕێوەچووە بۆئەوەی ئەم خەڵکە هەروا بە ژێردەستی بمێنێتەوە و سامانە سروشتییەکانی تاڵان بکرێت.

هەرکات کە کوردێک بە تاوانی فکری کوردبوون ئێعدام دەکرێت، گوڵێکی ئەم باغە قرتێندراوە کە زۆر بە زەحمەت بەرهەم هاتووە.

سپاس بۆ کاک دیاکۆ

ئێعدام و بەرپرسیارییەتی گشتیی


کاک دیاکۆ هونەرمەندێکی گەنجی بۆکانییە کە وانەکانی ئەڤین بە مرۆڤایەتی دەو ڕۆژهەڵاتخانەیەی موکریان‌دا فێربووە و هەربۆیە بە هزر و هونەرەکەیەوە دە خزمەت کورد و کوردستان‌دا ماندووە. ئەو کە بە بەردەوامی نووسینەکانی تایبەت بە ئێعدام دەخوێنێتەوە، لەم دواییانەدا زەحمەتی کێشاوە و کۆمەڵێک ڕەنگ و قەڵەم و کاخەزی بۆ خزمەت بە پرسی ئێعدامی کوردە سیاسییەکان بانگهێشتکردووە. پێشتریش کە سەبارەت بە کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی سیڤیلی قاڕنێ نووسینم بڵاوکردەوە، کاک دیاکۆ کۆمەڵێک بەرهەمی پێشکەش بە قوربانییە بێتاوانەکانی قاڕنێ کرد. واتە ئەمە یەکەمجار نییە کە هزر و هونەری خۆی بۆ بەسەرکردنەوەی ئێوارە پەژارەئاواکانی کوردستان دەنێرێت. دێرەدا حەز دەکەم سەرنجی خۆم لەسەر یەک لەم کارانەی بنووسم کە لەسەر ئێعدام کێشاوییەتەوە.

diyako-dadger
من لەم وێنەیەدا خاڵێکی زۆر جێگەی باس دەبینم کە کاک دیاکۆ وێنایکردووە. کوردەکان پتر لە چەندین دەیەیە کە بە تاوانی فکری کوردبوونیان ئێعدام دەکرێن و لەم پرس و پەژارەیەدا تەنیا بوون.

سەرنجی ئەم وێنەیە بدەن. مرۆڤێک ئێعدام دەکرێت، بەڵام زۆربەی کۆمەڵگاکان خۆ لەم پرسە تڕاژیک و جددییە گێژ دەکەن. ئەمە ڕاستییەکی تاڵی نەتەوەی کورد دە مێژووی هاوچەرخیان‌دا بووە. کۆردەکان بە درێژایی دەیان ساڵ لە لایەن حکومەتە داگیرکەرەکانی نیشتمانیان ئێعدامکراون، بەڵام ژمارەی ئەو مرۆڤانەی کە لە کۆمەڵگای غەیری کوردی ئەو وڵاتانە بەرانبەر ئێعدامی کوردەکان وەدەنگهاتوون ڕەنگە هەر بە دە دوازدە کەس بگات. بۆ وێنە دە نێو نەتەوەکانی نیشتەجێ نێو ئێران هەتا ئێستا چوار ئێلیتی فارس دە نێویان‌دا پەروەردە نەبووە کە بە چاوێکی مرۆڤیی سەیری کوردەکان و پرسی سیاسی ئەوان بکات. زۆرجار ئێلیتەکانی ئەوان نووکی پێنووسیان لە گوللەی پاسداڕێکی ئێعدامکەر خەراتر لەشی کوردەکان ئەنجن‌ئەنجن دەکات و پێنووسێکی پڕ لە قین، نامرۆڤبوون و ڕەگەزپەرەستانە دژ بە کوردەکان بەکار دەهێنن.

مێژووی هاوچەرخ سەلماندوویەتی کە کوردەکان دەو خەباتەدا تەنیا بوون و بە بەردەوامی لە لایەن گەلانی دراوسێ و دوورەوە وەپشتگوێخراون. ئەو بەڕواڵەت ژیاری و شارستانییەتەی کە زۆربەی کۆمەڵگاکان پێوەی دەنازن، بە بینینی دۆخی هەژێنەری کوردەکان، تامیلەکان، ئاسۆڕییەکان و زۆر نەتەوەی بێ‌دەوڵەتی دیکە دەکەوێتە ژێر پرسیار و لەرزۆکبوونی دەردەکەوێت.

لەم وێنەیەدا هونەرمەند بە سەرنجێکی زۆر ژیرانەوە ئەو کوردەی کێشاوەتەوە کە ئێعدام دەکرێت. کوردەکان هیچکات بەچۆک‌دا نەهاتوون. سیاسەتی ئێعدام نەیتوانیوە کۆڵ بە کوردەکان بدات. سینگی دلێری کوردە دەم وێنەیەدا دەبینی کە مەرگ بە سەربەرزییەوە لەبەر فکری کوردبوونی هەڵدەبژێرێت، بەڵام ژیانی پڕ لە سەرشۆڕی قبووڵ ناکات. دەکرێ سەر و دەم و دەست و لاقی کوردێک ببەستنەوە و هەموو لەشی لە ملەوە هەڵواسن، بەڵام ئەم سیاسەتە ناژیارە قەت نەیتوانیوە فکری کوردەکان ببەستێتەوە. ئەو هزرە کە سەرچاوە لە مافێکی ڕەوای مرۆڤی وەردەگرێت، ئێعدام ناکرێت. داگیرکەرانی کوردستان توانیویانە ژیانێکی خۆش لە کوردەکان بستێنن، بەڵام قەت نەیانتوانیوە ئەم کەرامەت و ورەیە لە کوردەکان بستێنن کە دەم وێنەیەدا نەخشێندراوە.

دەم وێنەیەدا ڕەنگێکی مات ئەتمۆسفێری ژیانی ئەو مرۆڤانەی داگرتووە کە خۆ لەم پرسە جددییە گێژ دەکەن. ئەوان کە وەدووی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کەوتوون، نەیانتوانیوە وەڵامێکی قەبڕغەگر بۆ ویژدانی خۆیان بهێننەوە و هەربۆیە لە ناخ و ڕاستەقینەدا ناتوانن شاد بژین. ژیانی ئەوان ڕووکارێکی پڕ لە بزەی هەیە و دە ناوەڕۆک‌دا پڕە لە شەرم.

هونەرمەند دەم کارەدا توانیوییەتی ئەم ڕاستییە بکێشێتەوە کە مرۆڤەکان و کۆمەڵگاکان هەموویان  لە ئاست پرسە جددییەکاندا بەرپرسن. ئەم بەرپرسیارەتییە گەر وەک ئەرکێکی مرۆڤی لێی نەڕوانین، دە داهاتوودا بەرۆکی هەموو لایەک دەگرێتەوە. بۆ وێنە ناکرێ چەند کەس لە کۆڵانەکەی خۆیاندا بایەخ بە ئاگرگرتنی ماڵی دراوسێی سەری کۆڵانەکەی خۆیان نەدەن، چون لەوانەیە ئەو ئاگرە پەرە بستێنێت و ماڵی ئەوانیش بگرێتەوە. گەر واش نەبێت دە داهاتوودا ئەگەری ئاگرگرتنی ماڵی ئەوانیش هەیە و دەبێ بیر لە پێویستی هاوکاری باقی دراوسێکان و بەهاناگەییشتنیان بکەنەوە. ئێعدامی مرۆڤێکی کورد بە تاوانی کوردبوون، سیاسەتێکە کە داگیرکەران دژ بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە قانوونییەکانی مرۆڤ بەڕێوەیانبردووە و هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت بانگەشەی شارستانیبوون و ژیاریی بکات و هاوکات لەم سیاسەتە بێدەنگ بێت کە بە بەردەوامی دژ بە کوردەکان دەکارگیراوە.

سپاس بۆ کاک دیاکۆ کە یارمەتیدەر بوو لە پێرسپێکتیڤێکی دیکەوە سەیری پرسی ئێعدامی کوردەکان بدەم. هەر بژین و نموونەیان زۆر بن.

لە ژێرەوە وێنەیەکی دیکەش لە کارەکانی هونەرمەند کاک دیاکۆ دەبینن کە سەبارەت بە ئێعدامی کوردە سیاسییەکان کێشاوییەتەوە.

diyako-dadger2

 

ئێعدام و بڤەبوونی هەندێک مانۆڕ


ڕێکەوتی ٢ی ٦ی ساڵی ١٩٨٣ی زایینی،‌ پەنجا و نۆ گەنجی کوردی مەهاباد ئێعدامکران. بە پێی ئەو سەرچاوانەی کە لێیان ئاگادارم، ناڕوونە کە هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوان بۆ بەتاوانبارناساندنیان هەبووبێت. هیچ دادگایەک لەمبارەوە ناناسرێت کە حوکمی ئێعدامی ئەو ٥٩ گەنجەی دەرکردبێت. ٥٩ گەنجی کورد بەبێ بوونی پڕۆسەیەکی قانوونی و ڕووتینێکی نۆرماڵ لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران‌ەوە ئێعدامکران و تەنانەت تەرمەکانیشیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردنەوە. بە کورتی، جیا لە کوشتاری فیزیکی و بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی کورد، کوشتاری کولتووری کوردەکانیش دەم کەیسەدا ئەنجامدرا.[1]

بۆ تێگەییشتن لەم باسە زۆر گرنگە کە لە سایکۆلۆژی و پەروەردەی مناڵانی کورد (بە تایبەت هی مەهاباد) هەندێک ورد ببینەوە. بۆ هەر مناڵێکی کورد کە دەو مەهابادەدا گەورە دەبێت، کۆمەڵێک فاکتەر وەک هێڵە سەرەکییەکانی ئەخلاق و هێژایی هەن. بۆ وێنە ئەوپەڕێ ڕێزلێنان لە پێشەوای کوردستان -سەرۆککۆماری ئێعدامکراوی کوردەکان- یەک لەو هێڵە سەرەکییانە بووە کە وەک پیرۆزترین ناو لای جیلە جۆراوجۆرەکان بەسەر زمان‌دا هاتووە و سوێندی پێ خوراوە. لەم نموونانە زۆرن کە دەکرێت مێژوو، تایبەتمەندی و کاریگەری هەموویان دە پڕۆژەیەکی سەربەخۆدا تۆمار بکرێن. بۆ کەسێک کە دەو خاکەدا گەورە دەبێت ئەم فاکتەرانە یەکجار تایبەتن. ڕێزگرتن لەم فاکتەرانە بە ڕادەی شوناسی نەتەوەیی بۆ کوردەکان بایەخی هەیە. یەکێکی دیکە لەو هێڵە سەرەکییانە، مێژوو و کەیسی تڕاژیکی ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهابادە. ئەم کەیسە یەکجار لای کوردەکان هەستیارە. بۆ وێنە کاتێک کە کوردەکانی ناوچە ژمارەی ٥٩ دەبینن یان دەبیستن، تووشی ڕامانێکی قووڵ دەبن و ئەمەش بۆ جامینێکی زۆر تایبەتی کوردەکان دەگەڕێتەوە کە بۆ ٥٩ لاوە ئێعدامکراوەکەی شاری مەهابادێیان هەیە. ئەو ژمارەیە برینێکی قووڵی یەک نەتەوە لەگەڵ خۆی هەڵدەگێڕێت کە هەتا ئێستا دەرمانێکی هەتاهەتایی نەکراوە.


کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە شێوەیەکی نەبڕاوانە لە دەستپێکی هاتنەسەرکار دژ بە مافەکانی ئێتنیکی کوردەکان هەڵسوکەوتی کردووە، بە شێوەیەکی سیستەماتیک دژ بە بەهاکانی نەتەوەی کورد پلانی داڕشتووە. سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران قینێکی زۆر تایبەتیان لە مەهابادییەکان هەیە چون هیچکات شەڕعییەتیان بە سیستەم نەدا. مەهابادییەکان نە دەنگیان بە دەستووری بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا و نە دە ئەو ڕێفڕاندۆمەدا بەشدارییانکرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران‌ی وەک سیستەمی سەروەر هەڵبژارد.

ئێعدامی ٥٩ لاوی کوردی مەهابادی، کاردانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دە بەرانبەر ئەو سیاسەتە ژیرانەی خەڵکی مەهاباددا بوو کە قەت شەڕعییەتیان بە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەدا. واتە یەک لەو باجانەی کە خەڵکی کورد دە پێناو هەڵوێستی سیاسی خۆیاندا داویانە، ٥٩ ژیانە. گەر مەهابادییەکان ئاوا نەجووڵابانەوە، بە دڵنیاییەوە ئەو ٥٩ لاوە کوردەش ئێعدام نەدەکران. کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆلێرانسی ئەوەی نەبوو کە خەڵکی کورد شەڕعییەتی پێ نادات و هەربۆیە هەموو مێتۆدە ڕادیکاڵەکانیان بۆ سەرکوتکردنی کوردەکان تاقیکردەوە. بە کورتی دەتوانم بە دڵنیاییەوە ئەمە بنووسم کە کەیسی ئێعدامکردنی ٥٩ لاوی مەهاباد، دەتوانێت نوێنەرایەتی پرسی کورد دە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بکات، چون ئەو کارەساتە لە کاردانەوەی هاودەنگی کوردەکان دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەچوو.


ئەم باسە لایەنی زۆری هەیە کە دەبێ دانە بە دانە بەسەرکرێنەوە و لێوردبوونەوەی تایبەت بۆ هەرکام لە باسە جۆراوجۆرەکانی پێویستە. کەیسی ئێعدامکردنی ئەو ٥٩ گەنجە کوردەی مەهاباد لە دەیان پێرسپێکتیڤی جۆراوجۆرەوە دەبێ شرۆڤە بکرێت و بەم شێوەیە نییە کە بابەتێکی ئاوا کورت توانایی بەسەرکردنەوەیانی هەبێت. ئەمەی کە مەبەستی سەرەکی دەم نووسینەدا بووە، تایبەتمەندبوونی ئەو ٥٩ ئێعدامەیە کە وەک گوترا لە هێڵە سەرەکییەکانی کوردەکان (بە تایبەت هی مەهابادییەکان) دەژمێردرێت. هەستیاربوونی ئەو کەیسە دە کاتێکدا دەردەکەوێت کە کوردێکی مەهابادی لەگەڵ ژمارەی ٥٩ بەرەوڕوو دەبێتەوە.

٥٩ ژمارەیەکی ئاسایی نییە. لە کورترین فۆڕمدا ژمارەی ٥٩ دەکرێ بە واتای دەنگنەدان بە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکار بهێنرێت. واتە کاتێک کە دە شاری مەهاباددا یادی ئەو شەهیدانە دەکرێت، یادی ئەو مێژوویەش وەک سەروەرییەکی کوردەکان زیندوو دەبێتەوە کە کوردەکان دەنگیان بە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەدا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران دە ساڵانی ڕابوردوودا هەوڵی داوە کە بە شێوەی جۆراوجۆر بێڕێزی بە کوردەکان بکات. نیشانەکانی بەرنامەداڕشتنی تایبەت بۆ ئەم کارەیان زۆر بەدەرەوەیە. بۆ هەر مرۆڤێکی وریا و ئاگا ڕوونە کە دەنگ و ڕەنگ و ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی سیستەماتیک وەک چەکی دژ بە کوردەکان و فاکتەرە پیرۆزەکانی ئەوان بەکار دەهێنرێت. بەهۆی ئەوە کە باسەکە لەسەر ئێعدامە، چەشنە جۆراوجۆرەکانی ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ باسێکی سەربەخۆ دەهێڵمەوە. دێرەدا تەنیا ئاماژە بەو بێڕێزییە دەکەم کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کەیسی ئێعدامکردنی ٥٩ لاوی مەهابادی دەکات.


ڕۆژی ١٩ی ٢ی ساڵی ٢٠١٦ی زایینیی بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی شارەداری مەهاباد ڕایگەیاند کە ٥٩ پێگەی تایبەت بۆ پڕۆپاگەندەی نامزەدەکانی هەڵبژاردنی ئەندامانی ”مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی” دابینکراوە.[2]

پێشتر کۆماری ئیسلامیی ئێران هەندێکی مانۆڕ بە ژمارەی ٥٩ لێدابوو، بەڵام سەرەڕای ئەوە کە دەکرا بسەلمێندرێت پلانداڕێژڕاو دەستی هێرشیان بۆ ئەو ژمارەیە درێژکردبوو، تەنیا لەبەر ناسیاسیبوونی باسەکان نەدەکرا ڕوونکردنەوەی لەسەر بدرێت. دەم هەواڵەدا کە ماڵپەڕی فەرمیی «هەواڵگەری کۆماری ئیسلامیی» بڵاویکردووەتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی کارگێڕانی ناوچەکەوە پەیامێکی شاراوە وەک بێڕێزیکردن بڵاوکردووەتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیتوانی بۆ وێنە شەست، پەنجا و پێنج، پەنجا یان حەفتا پێگە و بنکە بۆ پڕۆپاگەندەی نامزەدەکانی هەڵبژاردنی ئەندامانی ”مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی” بکاتەوە. ئەوان پاش پتر لە سێ دەیە گەرەکیانە بێژن کە ئەو خەڵکەی ئامادە نەبوو دەنگ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بدات و هەربۆیە ٥٩ گەنجمان لێ کوشتن، ئێستا ئەوەندە بە بەربڵاوی لە دەنگدانەکاندا بەشدارن کە ناچارن دەیان بنکە بۆ پڕۆپاگەندەی نامزەدەکانی هەڵبژاردنی ئەندامانی ”مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی” بکەنەوە و بە ئانقەستیش بۆ بێڕێزیکردن بەم پرسە، ژمارەی ٥٩یان هەڵبژاردووە و بە ڕادەی ژمارەی ئێعدامکراوانی لاوی مەهاباد دەو شارەدا بنکەی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردنیان کردووەتەوە. دێرەدا جیا لەم بێڕێزییە پلانداڕێژڕاوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوو خاڵی دیکەش جێگەی سەرنجە:

  • سیاسییە ڕێفۆڕمیستەکانی نێوخۆ یان بە ئانقەست لە ئاست ئەم بێڕێزییە بێدەنگ بوون، یان ئەوە کە ئەوەندە نائاگان کە بەم پلانانە نازانن و هەربۆیە لە شەڕعییەتدان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا هاندەرن.
  • تاقمێک لە کوردە سیاسییەکانی دەرەوەی سنوورە جوگرافیاییەکانی ئێران هاندەری دەنگدان بوون.

بێڕێزیکردن بە کەیسی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهاباد، نیشانەیەک لە ناژیاربوون و بێ‌ئەخلاقبوونی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەژمێردرێت.

سەرچاوە و ژێدەر:


[1]  پێشتر لەمبارەوە نووسراوە.

[2]  http://www.irna.ir/fa/News/81970177/ visit 08.04.2017

پیش بینی 59 نقطه جهت تبلیغات انتخابات کاندیداها در مهاباد

مهاباد- ایرنا- مسئول روابط عمومی شهرداری مهاباد گفت: 59 جایگاه ویژه در مناطق مختلف شهر برای تبلیغات نامزدهای انتخابات مجلس شورای اسلامی پیش بینی شده است.

طاهر جنگلی روز جمعه در گفت و گو با خبرنگار ایرنا اظهار کرد: در این مکانها که در محلات مختلف شهر در قالب اماکن تبلیغاتی و در فضاهایی مساوی در نظر گرفته شده، هر یک از نامزدها طبق جدول اعلامی مجاز به نصب اقلام تبلیغاتی خود در این فضاها هستند.

وی افزود: این مکان ها که بیش از یکهزار متر مربع فضای تبلیغاتی می باشد، با هدف حفظ زیبایی شهر و جلوگیری از ایجاد آلودگی های بصری و تخریب دیوارهای شهر جهت تبلیغات نامزدهای انتخابات مجلس شورای اسلامی مشخص و پیش بینی شده است.

جنگلی افزود: طبق قانون، نصب تبلیغات خارج از اماکن پیش بینی شده، تخلف بوده و توسط عوامل اجرایی برچیده شده و پیگرد قانونی خواهد داشت.

وی اضافه کرد: کاندیداها و اعضای ستاد آنها فقط می توانند در محل ستاد نامزد مورد نظر و یا محل های مشخص شده از سوی شهرداری به انجام تبلیغات محیطی بپردازند.

جنگلی گفت: طبق قوانین مربوط به انتخابات، نصب هر گونه بنر، پارچه و پوستر بر روی دیوارها و درختان غیرقانونی بوده و شهرداری نسبت به جمع آوری آنها اقدام خواهد کرد.

مسئول روابط عمومی شهرداری مهاباد اظهار کرد: فضای مورد نیاز برای تبلیغات این کاندیداها به اندازه کافی در مناطق مختلف شهر تعیین شده و نیازی به استفاده از محیط های شهری در این زمینه نیست.
وی تاکید کرد: همه کاندیداها پیش از زمان تبلیغات در جلسه ای کاملا توجیه شده و ضوابط و چارچوب های قانونی تبلیغات برای آنها توضیح داده شده است و از این رو در صورت مشاهده هرگونه تخلفی در این زمینه از طریق دایره حقوقی شهرداری این تخلفات از طریق قانونی پیگیری خواهد شد.

در دهمین دوره انتخابات مجلس شورای اسلامی در مهاباد 12 نامزد با یکدیگر برای کسب یک کرسی به رقابت خواهند پرداخت.

از آذربایجان غربی 12 نفر راهی مجلس شورای اسلامی خواهند شد که سهم ارومیه سه نماینده، میاندوآب، شاهین دژ، تکاب دو نماینده و سهم هر کدام از حوزه های انتخابیه هفت گانه ماکو، شوط، پلدشت، چالدران ـ خوی، چایپاره ـ سلماس ـ نقده، اشنویه ـ مهاباد ـ بوکان و پیرانشر، سردشت یک نماینده است.
در انتخابات هفتم اسفندماه از استان آذربایجان غربی 12 نماینده برای دهمین دوره مجلس شورای اسلامی و سه نماینده برای پنجمین دوره مجلس خبرگان رهبری و یک نماینده نیز به عنوان منتخب اقلیت های دینی برای مجلس انتخاب خواهند شد.

شهرستان های ارومیه، خوی، سلماس، ماکو، نقده، پیرانشهر، مهاباد، بوکان و میاندوآب 9 مرکز حوزه اصلی و شهرستان های شوط، پلدشت، چالدران، چایپاره، اشنویه، سردشت، شاهین دژ و تکاب هشت مرکز و حوزه فرعی انتخابات در آذربایجان غربی اعلام شده است.

6185/1905

ئەم بابەتە بە شێوەی پی‌دی‌ئێف دەم بەستەرەی ژێرەوەدا خەزنکراوە.

https://executionofkurds.files.wordpress.com/2017/04/59.pdf

وێنەی بابەتەکەش لە ژێرەوە دانراوە.

59_Page_1

 

ئێعدام و بێڕێزیکردنی پلانداڕێژڕاو

ڕێکەوتی دووی شەشی ساڵی ١٩٨٣ی زایینی (دوازدەی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی کۆچی هەتاوی) کارەساتێکی یەکجار تڕاژیک ڕوویدا. دەو ڕۆژەدا ٥٩ لاوی مەهابادی بە تاوانی کوردبوونیان بەکۆمەڵ ئێعدامکران. هەتا ئێستا هیچ دادگایەکی عادڵانە لەمبارەوە پێک نەهاتووە. هەتا ئێستا ڕێگە بە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی نەدراوە. هەتا ئێستا هیچ مافناسێک ڕێگەی نەبووە لەمبارەوە لێپرسینەوەیەک لە سیستەمی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات. هەتا ئێستا هیچ مێژوونووسێکی نێوخۆ ڕێگەی نەبووە لەمبارەوە شتێک بنووسێت و کوردەکانی دەرەوەی سنووری جوگرافیایی ئێرانیش ئاوڕێکی جددیان لەم کەیسە دڵتەزێن و هەژێنەرە نەداوەتەوە.

‌٥٩ ئێعدام لەسەر لاوان بەڕێوەچووە. بیرکردنەوە لەم جەنایەتە ویژدانی مرۆڤی دەهەژێنێت. ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە کە دە نێو خودی «نەتەوەکانی غەیری کوردی نیشتەجێی نێو ئێرانیش»دا تا ئێستا تاقە یەک ئێلیت هەڵنەکەوتووە کە بڤەبوونی لێپرسینەوە لە ئەم جەنایەتە ئیدانە بکات.

‌کۆماری ئیسلامیی ئێران جیا لەوە کە هەموو ڕێگاکانی عەداڵەت و لێپرسینەوەی لەسەر ئەم جەنایەتە هەژێنەرەی بەستووە، بە بەردەوامی دە ماوەی دە ساڵی ڕابوردوودا بە شێوەیەکی پلانداڕێژڕاو بێڕێزی بە خوێنی ئەو ٥٩ گەنجە کوردەی کردووە، بەڵام کوردە ڕێفۆڕمیستەکان کە بە بەردەوامی هاواری شەڕعیەتدان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن ئەمەندەیان مشوور نەبووە لە ئاست ئەو بێڕێزییانە دەنگیان دەربێت کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەڕێوەچووە. کەسێک کە خۆ لە سیاسەت دەدات، دەبێت ڕێز لە ئەو برینە قووڵانە بگرێت کە تەنیا بە عەداڵەت ساڕێژ دەکرێن.

‌دە بابەتێکی دیکەدا زۆرتر لەمبارەوە دەنووسم، بەڵام بۆئەوە نموونەیەک وەک بەڵگەی سەلمێنەری دەربڕینەکەم خستبێتە بەرچاوی خوێنەر، دێرەدا ئاماژە بە یەک لەو بێڕێزیانە دەکەم.

ڕێکەوتی ١٩ی ٢ی ساڵی ٢٠١٦ی زایینیی (٣٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٤ی کۆچی هەتاوی) بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی شارەداری مەهاباد ڕایگەیاند کە ٥٩ پێگەی تایبەت بۆ پڕۆپاگەندەی نامزەدەکانی هەڵبژاردنی ئەندامانی ”مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی” دابینکراوە.

چما ٥٩؟ فەلسەفەی ئەم ژمارەیە چییە؟

دە ڕاستیدا بەرنامەداڕێژانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەم کارەیان لە چەندین لایەنەوە بێڕێزیان بە کەیسی ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهاباد کرد کە بەشێک لە کەرامەت و شەڕەفی خەوشەدارکراوی نەتەوەی کورد دەژمێردرێت.

وەک گوترا، دە بابەتی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەربڵاوتردا لە لایەنەکانی بێڕێزیکردنی بە کەیسی ئێعدامی ٥٩ لاوی کورد زۆرتر ورد دەبمەوە.

 

بەسیمبۆلکردنی ئێعدام

چەندین ساڵە لەسەر ئەمە بە بەردەوامی نووسیومە کە بەسیمبۆلکردنی مێژووی تڕاژیکی کوردەکان دەتوانێت لە زۆر بارەوە بە قازانج بێت. دێرەدا هەوڵ دەدەم کە لەم باسە زۆرتر ورد ببمەوە، چون لەسەر ئەم بڕوایەم کە کوردەکان دەتوانن لە ڕێگەی بەسیمبۆلکردنی ئێعدامەکان بە چەشنێک هاودەنگی نەتەوەیی وەک هەڵوێست دژ بە ئێعدامی کوردە سیاسییەکان بگەن. لە نزمترین حاڵەتدا دەکرێ بێژین کە کوردەکان دەتوانن لە ڕێگەی بەسیمبۆلکردنی ئێعدامی هاونیشتمانە سیاسییەکانیان بە هەستێکی هاوبەش و تێگەییشتنێکی هاوبەش و گوتارێکی هاوبەش بگەن.

بەسیمبۆلکردنی ئێعدام ئەم یارمەتییە دەدات کە مێژوو و پەیامی ئیدانەکردنی ئێعدامی کوردەکان لە کەمترین کاتدا بە زمانێکی نێونەتەوەیی بە شێوەیەکی کورتکراو بڵاو دەبێتەوە.  بۆ وێنە ئەرمەنییەکان بۆ بەسیمبۆلکردنی کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی سیڤیلی ئەرمەنییەکان بە دەستی جەنایەتکارانی ترکی عوسمانی نیشانی گوڵێکی پێنج پەڕەییان لە ڕەنگی بنەوش داڕشتووە. ناوەڕاستەکەی بازنەیەکی ڕەشی نێوپڕە و بە دەوری ئەویشدا دوازدە پەڕەی چوارگۆشەی زەرد بە شێوەی بازنەیی دانراوە و لەسەر ئەوانیشەوە پێنج هێڵی بنەوشی کاڵ بەسەر هێڵی نێوان پێنج پەڕەی گوڵەکە تا نێوەڕاستی هێڵ چووەتە سەر. هەر ئەرمەنییەک کە دە نێوخۆی وڵاتدا بژی یان نا، سەر بە هەر حیزبێکی وڵاتەکەی بێت و پشتیوان یان ئۆپۆزیسیۆنی حکومەت بێت، ئەو نیشانە بەکار دەهێنێت و ڕێزی لێ دەگرێت.

کوردەکان دەتوانن لە ڕێگەی سیمبۆلێکی تایبەت پرسی ئێعدامی خۆیان بە جیهانیان بناسێنن. تۆمارکردنی مێژووی کڕۆنیکل بۆ ئەم کارە پێویستە ئەنجام بدرێت. لە ڕێگەی نیشانێکی تایبەتەوە دەکرێ پرسی ئێعدامکردنی کوردە سیاسییەکان بە زمانێکی سانا و نێونەتەوەیی دە ماوەیەکی کورتدا بە جیهانیان بناسێنن. ئەم نیشانە دەبێ بەر لە هەر شتێک مۆڕاڵی کوردەکان و چۆنییەتی مۆڕاڵیان بناسێنێت، چون ئێعدامی نەبڕاوانەی کوردە سیاسییەکان لە سەدەی ڕابوردوودا کاریگەری لەسەر تاک و کۆمەڵگای کوردەکان هەبووە و نیشانەی ئەو کاریگەرییانە بە شێوەی جۆراوجۆر خۆی دەرخستووە.

نیشانێک کە کوردەکان بۆ بەسیمبۆلکردنی پرسی ئێعدام هەڵیدەبژێرن پێویستە کە ئەو سیگناڵ و پەیامە نەتەوەییە بگەیەنێت کە کوردەکان بۆ ئیدانەکردنی ئەو سیاسەتە نامرۆڤییە هەیانە. بەسیمبۆلکردنی پرسی ئێعدامی کوردە سیاسییەکان دەبێ لەسەر یەک خاڵ فۆکووسی هەبێت و ئەویش پیکتۆگرامێکی زەق دە بەرابەر ناژیاری و نامرۆڤی ئەو سیستەمەیە کە ئێعدامی سیستەماتیکی کوردەکان بەڕێوە دەبات. پیکتۆگرامی ئێعدامی کوردەکان دەبێ لە یەکەم چرکەکاندا پێناسەی ئێعدامی کوردەکان بکات. نیشانی تایبەت بە ناساندنی ئێعدامی کوردەکان دەبێت هاواری هەناسەی ساردی هەر دایکێک بکات کە ڕۆڵەکەی تەنیا بە تاوانی فکری کوردبوون لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران‌ەوە ئێعدامکراوە.